تا ئێستە رێككەوتن لەسەر نۆ وەزارەتە بەتاڵەكەی حكوومەتی زەیدی نەكراوە

:: PM:07:33:17/06/2026 ‌

دوای ئەوەی كابینەی نوێی حكوومەتی عێراق لە 14ی مانگی ئایاری رابردو بە سەرۆكایەتیی عەلی زەیدی لە پەرلەمان متمانەی وەرگرت، بەڵام تا ئێستە نۆ وەزارەتی ئەو كابینەیە بەتاڵن، لەوكاتەی زەیدی هەوڵ دەدات بەر لە سەردانە چاوەڕوانكراوەكەی بۆ واشنتن پڕیان بكاتەوە، ناكۆكی نێوان هێزە سیاسییەكان لەبارەی كاندیدانی وەزارەتەكان بەردەوامە.

موختار مووسەوی پەرلەمانتاری شیعە ئاماژە دەكات كە دۆسیەی تەواوكردنی كابینەی حكوومەتی عەلی زەیدی هێشتا لە شوێنی خۆی چەقیوە، تا ئێستە هیچ رێككەوتنێكی سیاسی بۆ یەكلاكردنەوەی وەزارەتە بەتاڵەكان نییە و ئەوان بە وەكالەت بەڕێوە دەچن، لەوانە چەند وەزارەتێكی سیادی، بەپێی ئاماژەكانی هەن هیچ دانیشتنێكی پەرلەمان بەر لە كۆتاهاتنی پشووی یاسادانانی پەرلەمان ساز ناكرێت، كە لە سەرەتای مانگی تەمووزی داهاتوو كۆتایی دێت. 

دووپاتی كردەوە، تا ئێستە دیدار و گفتوگۆی هێزە سیاسییەكان بەردەوامە و بە لێكگەیشتنی كۆتایی نەگەیشتوون، بەڵام پێشبینی هەیە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی داهاتوو یان لە كۆتاییەكەی ئەگەر رێككەوتن بكرێت، پەرلەمان بۆ دەنگدان لەسەر وەزارەتە بەتاڵەكان كۆ ببێتەوە، چونكە بەڕێوەبردنی وەزارەتە تەناهی و خزمەتگوزارییەكان پێویستییان بە سەربەخۆیی هەیە بەهۆی ئەو ئاڵنگارییانەی هەن.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل