ترەمپ: نەوت بە گەرووی هورمز بەرەو بازاڕەكان دەچێت

:: PM:05:40:18/06/2026 ‌

دوای ئەوەی ئەمڕۆ پێنجشەم یاداشتی لێكگەیشتنی ئێران و ئەمەریكا بۆ وەستانی شەڕ و كردنەوەی گەرووی هورمز لە لایەن سەرۆكی هەردوو وڵات ناراستەوخۆ واژوو كرا، یاداشتەكە كەوتە بواری جێبەجێكردن، كە بڕگەیەكی باسی كردنەوەی گەرووی هورمز بێ وەرگرتنی رسووماتی تێپەڕبوون دەكات، سەرۆكی ئەمەریكا رای گەیاند كە دەست كراوە بە تێپەڕبوونی نەوت بە گەرووی هورمز.

ترەمپ لە لاپەڕی خۆی لە ترووس سۆشیال نووسیویەتی، نەوت بە گەرووی هورمز تێپەڕ دەبێت، دووپاتی كردەوە كە ئێران بە هیچ شێوەیەك نابێتە خاوەن چەكی ئەتۆمی و بەو شێوەیە دنیا بە سەلامەتی دەمێنێتەوە، بازاڕی پشكەكان دەگەشێتەوە و دامەزراندن لە ئاستە پێوانەییەكانە و نرخەكان لەدابەزینن، وڵاتەكەمان لەهەر كاتێكی پێشوو بەهێزتر و سەلامەتتر و رێزلێگیراوترە.

ئەمڕۆ پێنجشەم هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان وڵاتەكانیان بۆ وەستانی شەڕ واژوو كرد، سەرۆكی ئێران دەقی یاداشتەكەی بڵاو كردەوە كە لە 14 خاڵ پێك هاتووە، باسی وەستانی شەڕ لە هەموو بەرەكان دەكات بە لبنانیشەوە، ئێران و ئەمەریكا پابەند دەبن بە رێزگرتنی سەروەری و سەلامەتیی خاكی یەكتر و دەست وەرنادەنە كاروباری یەكتر، لە ماوەی 60 رۆژ بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی دانوستان دەكەن.

لەگەڵ واژووكردنی یاداشتەكە ئەمەریكا گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران لادەبات، ئێران بۆ ماوەی 60 رۆژ گەرووی هورمز دەكاتەوە بێ وەرگرتنی باج، هەوڵ دەدرێت پلانێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئێران بە بەهای 300 ملیار دۆلار دابنرێت، ئەمەریكا كۆتایی بە هەموو سزاكانی سەر ئێران دێنێت، ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات و تا گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی ئەو دۆخەی ئێستە وەك خۆی دەپارێزرێت، تا رێككەوتنی كۆتایی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لێخۆشبوون بۆ هەناردنی نەوتی ئێران دەكات، ئەمەریكا بەڵێن دەدات پارە بلۆككراوەكەی ئێران ئازاد بكات، هەردوو وڵات میكانیزمێك بۆ چاودێریكردن و جێبەجێكردنی یاداشتەكە دادەنێن، دوای واژووكردن و جێبەجێكردنی بڕگەكان، دەست بە دانوستان دەكرێت و بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لایەنەكان پابەندی جێبەجێكردنی دەكرێن.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل