سەرۆك وەزیرانی پاكستان سەردانەكەی بۆ سویسرا هەڵوەشاندەوە

:: PM:05:56:18/06/2026 ‌

بڕیار بوو سبەی هەینی لە سویسرا ئەمەریكا و ئێران یاداشتی لێكگەیشتنی رێككەوتن لەسەر كراوی نێوانیان لە رێوڕەسمێك واژوو بكەن، میدیاكانی پاكستان ئاماژەیان كرد كە شەهباز شەریف سەرۆك وەزیرانی پاكستان، كە وڵاتەكەی رۆڵی ناوەندگیری هەبوو، سەردانەكەی بۆ سویسرا هەڵوەشاندووەتەوە، بێ ئەوەی باسی هۆكارەكەی بكەن.

تەلەڤزیۆنی پاكستان ئاماژەی كرد كە سەردانەكەی شەریف بۆ سویسرا هەڵوەشایەوە، دانوستانە تەكنیكییەكانی ئێران و ئەمەریكا بە شێوەیەكی جیاواز دەست پێ دەكات، سەرچاوەیەكیش لە ئەنجوومەنی وەزیرانی پاكستان ئاشكرای كرد كە بڕیارە بریكاری وەزارەتی دەرەوەی پاكستان نوێنەرایەتی ئەو وڵاتە بكات لە كۆبوونەوەكانی سویسرا. 

لە لایەكی تر سەرچاوەیەكی ئاگەدار رای گەیاند تا ئێستە بڕیاری گەشتكردنی شاندی دانوستانكاری ئێران بۆ سویسرا یەكلایی نەبووەتەوە، هەڵوێستی كۆتایی لەوبارەوە لە چەند سەعاتی داهاتوو یەكلا دەبێتەوە، تا ئێستە دەسەڵاتدارانی ئێران بڕیاری كۆتاییان لەبارەی رۆیشتنی شاندی وڵاتەكەیان بۆ سویسرا نەداوە، وەك ئاژانسی "تەسنیم" باسی كرد. 

ئەمڕۆ پێنجشەم سەرۆك وەزیرانی پاكستان ئاشكرای كرد كە لە دوای واژووكردنی یاداشتی لێكگەیشتن لە نێوان ئەمەریكا و ئێران بۆ كۆتاییهێنان بە شەڕ، راستەوخۆ گەرووی هورمز لەلایەن ئێرانەوە بە رووی كەشتییەكان دەكرێتەوە و گەمارۆی دەریایی ئەمەریكاش لەسەر بەندەرەكانی ئێران هەڵدەگیرێت.

شەهباز شەریف لە هەژماری خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەو یاداشتە دەستبەجێ دەخرێتە بواری جێبەجێكردنەوە، وەك هەنگاوی یەكەمیش ئێران گەرووی هورمز بێ دواكەوتن دەكاتەوە و ئەمەریكاش راستەوخۆ گەمارۆی دەریایی لەسەر بەندەرەكانی ئێران هەڵدەگرێت، كە سبەی هەینی لە سویسرا رێوڕەسمێك بە بۆنەی ئەو رووداوە گرنگە و دەستكردن بە دانوستان ئەنجام دەدرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل