ئەمڕۆ پێنجشەم چەند گۆڕانكارییەكی گرنگ لە چەند پۆستێك لە عێراق ئەنجام درا، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، گۆڕانكاری لە پۆستەكانی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كرد.
بەپێی سەرچاوەكان ئەمڕۆ زەیدی، باسم بەدری سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادوەری خستە شوێنی عەبدولكەریم بەسری وەك سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بەدری سەركردەیەكی حزبی دەعوەی ئیسلامییە و لە 2013ەوە سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادوەرییە.
هەر ئەمڕۆ قاسم عەبوودی وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی لە شوێنی
قاسم ئەعرەجی دیاری كرا، گۆڕانكارییەكان عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقیشی گرتەوە، كە نزار ناسر لە شوێنی ئەو دانرا، كە پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی رووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و نەهێشتنی پاڵپشتیكردنی تیرۆر بووە لە بانكی ناوەندیی عێراق.
بەپێی سەرچاوەكان سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەبو عەلی بەسری وەك سەرۆكی لیژنەی پشتیوانی لە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دیاری كرد، ئەوەش لە چوارچێوەی رێوشوێنەكانی حكوومەت بۆ بەهێزكردنی هەوڵەكانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و پاڵپشتیكردنی لیژنە تایبەتەكان بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیە دارایی و ئیدارییەكان لەناو دامەزراوەكانی دەوڵەت.