ئەمەریکا گەمارۆی سەر کەشتییەوانیی ئێران بەتەواوی هەڵگرت

:: PM:08:07:18/06/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیرانی 2026، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد کە هێزەکانیان بەتەواوی کۆتاییان بە گەمارۆی سەر کەشتییەوانیی ئێران هێناوە.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، ئەمڕۆ، هێزەکانی ئەمەریکا بەپێی ڕێنوێنییەکانی سەرۆک، گەمارۆی سەرجەم هاتوچۆی کەشتییەوانییان بۆ ناوەوە و دەرەوەی بەندەرەکان و ناوچە کەناراوییەکانی ئێران هەڵگرت.

سێنتکۆم زیاتر ڕوونی کردووەتەوە، هێزەکانی ئەمەریکا ڕێگری لە تێپەڕبوونی کەشتییەکان ناکەن بۆ بەندەرەکانی ئێران یان لە بەندەرەکانەوە لە کەنداوی عەرەبی و دەریای عومان. سەرجەم هەوڵە سەربازییەکانی ئەمەریکا بۆ سەپاندنی گەمارۆکە کۆتاییان هاتووە.

سەرەڕای هەڵگرتنی گەمارۆکە، فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا دووپاتی کردەوە کە کەشتییە دەریاییە مەزنەکانمان لە ناوچە گشتییەکەدا دەمێننەوە، بۆ دڵنیابوون لەوەی سەرجەم لایەنەکانی ڕێککەوتنەکە پێڕەو دەکرێن، جێبەجێ دەکرێن و بەتەواوی کاریان پێ دەکرێت.


وشە - پۆڵا مەحموود