پەرلەمانتارێكی عێراقی: چەندان پۆستی گرنگ گۆڕانكارییان تیادا دەكرێت

:: PM:08:17:18/06/2026 ‌

ئەمڕۆ سەرۆك وەزیرانی عێراق گۆڕانكاری لە چەند پۆستێكی گرنگ كرد، پەرلەمانتارێك پێی وایە كە قۆناغی داهاتوو گۆڕانكاری لە ژمارەیەك پۆستی هەستیار لە چوارچێوەی سیاسەتی ئاڵوگۆڕكردنی بەرپرسیارەتی و هێنانەپێشەوەی كەسانی نوێ بۆ ناو دامەزراوەكانی دەوڵەت دێتە سازكردن.

قەیسەر جۆرانی ئەندامی فراكسیۆنی سادیقوون لە پەرلەمانی عێراق گوتی، ئاراستەیەك هەیە بەرەو ئەنجامدانی گۆڕانكاری لە پۆستە ئیدارییەكان، كاتێك بەشێك لە پۆستەكان پێویستییان بە هەڵسەنگاندنەوە و رێكخستنەوە لە دوای ساڵانێكی دوورودرێژ لە نەبوونی گۆڕانكاری هەیە، پێویستە پێوەری سەرەكیی بۆ گۆڕانكارییەكان توانست و دەستپاكی و توانای بەرهەمهێنان بێت.

زیاتر گوتی، گۆڕانكارییەكان چەند جومگەیەكی دەوڵەت دەگرێتەوە، لەوانە بانكی ناوەندی و دەزگای ئاسایشی نیشتمانی و دەزگای ئاسایشی نەتەوەیی، بەو پێیەی ئەوانە پێوەندییان بە لایەنەكانی ئابووری و تەناهی و سەروەری هەیە، داڕشتنەوەی ئەو پۆستانە لە چوارچێوەی بەهێزكردنی توانای دامەزراوەكانە، بۆیە ئاراستە نوێیەكەی گۆڕانكاری، سەرنج دەخاتە سەر هەردوو لایەنی ئابووری و تەناهییەوە، وەك دوو كۆڵەكەی سەرەكیی ئیدارەدانی دەوڵەت.

ئەمڕۆ پێنجشەم چەند گۆڕانكارییەكی گرنگ لە چەند پۆستێك لە عێراق ئەنجام درا، عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكان، گۆڕانكاری لە پۆستەكانی سەرۆكی دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی و راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی و پارێزگاری بانكی ناوەندیی عێراق كرد.

بەپێی سەرچاوەكان ئەمڕۆ زەیدی، باسم بەدری سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادوەری خستە شوێنی عەبدولكەریم بەسری وەك سەرۆكی دەزگای ئاسایشی نیشتمانی، بەدری سەركردەیەكی حزبی دەعوەی ئیسلامییە و لە 2013ەوە سەرۆكی دەستەی باڵای نیشتمانی بۆ لێپرسینەوە و دادوەرییە.

هەر ئەمڕۆ قاسم عەبوودی وەك راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراقی لە شوێنی قاسم ئەعرەجی دیاری كرا، گۆڕانكارییەكان عەلی عەلاق پارێزگاری بانكی ناوەندی عێراقیشی گرتەوە، كە نزار ناسر لە شوێنی ئەو دانرا، كە پێشتر بەڕێوەبەری گشتیی نووسینگەی رووبەڕووبوونەوەی سپیكردنەوەی پارە و نەهێشتنی پاڵپشتیكردنی تیرۆر بووە لە بانكی ناوەندیی عێراق.




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل