ڕێبەری ئێران هۆکاری واژووکردنی ڕێککەوتنەکەی لەگەڵ ئەمەریکا ئاشکرا کرد

:: PM:08:39:18/06/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیرانی 2026، موجتەبا خامنەیی ڕێبەری ئێران، دوای واژووکردنی ڕێککەوتنەکەی وڵاتەکەی لەگەڵ ئەمەریکا، پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە سەرۆکی ئەمەریکا لە بێدەسەڵاتییەوە پەنای بۆ ئەم ڕێککەوتنە بردووە.

دەقی پەیامەکەی خامنەیی:

بۆ گەلی ئێرانی دڵسۆز و پڕ لە حەماسەت
وەک زانیتان، یاداشتی لێکتێگەیشتن لە نێوان سەرۆکەکانی ئێران و ئەمەریکادا واژوو کرا. لە ڕێڕەوی گەیشتن بەم قۆناغەدا، بەرپرسانی پێوەندیدار بە پاڵنەری دڵسۆزی و نیازپاکییەوە، هەوڵێکی زۆریان دا، و سەرۆکی ئەمەریکا بوو کە لە بێدەسەڵاتی و ناچارییەوە پەنای بۆ بەکارهێنانی ئامرازە جیاوازەکانی گوشار برد بۆ بەدیهێنانی ئەم کارە.

سەبارەت بە من، لە بنەڕەتدا بۆچوونێکی ترم هەبوو، بەڵام لەبەرچاوگرتنی ئەو بەڵێنەی سەرۆک کۆماری بەڕێز وەک سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی، بەناوی خۆی و سەرجەم ئەندامانی ئەنجوومەنەکەوە داویەتی، بە پاراستنی مافەکانی گەلی ئێران و بەرەی مقاوەمە، لەگەڵ دووپاتکردنەوەی هەڵگرتنی تەواوی بەرپرسیارێتیی ئەوە، مۆڵەتم دا بە پەسەندکردنی ئەم بابەتە.

سەرۆک کۆمار دووپاتیشی کردەوە کە ئەگەر لایەنی ئەمەریکی هەوڵ بدات داواکارییەکان لە دەرەوەی سنووری ڕێککەوتنەکە بسەپێنێت، ئەوا ملیان بۆ نادات. لەم ساتەوە، ئێمە، واتە ئێوەی گەلی سەربەرزی ئێران و ئەم خزمەتکارە سادەیە، چاوەڕێی بەدیهاتنی ئەو مەرجانە دەکەین کە ڕاگەیەنراون.

بەڵام ئەوە ڕوونە کە ئەو دانوستانە ڕاستەوخۆیانەی لە داهاتوودا دەکرێن، بە مانای قبووڵکردنی بۆچوونی دوژمن نایەت.

داواکارین لە خودا کە نزا پیرۆزەکانی مەولامان ساحیبولزەمان (خودا پەلە بکات لە دەرکەوتنی)، سەرکەوتن و کرانەوەی جۆراوجۆر بۆ گەلی ئێرانی شەریف بهێنێت.
سڵاو و ڕەحمەت و بەرەکەتی خوداتان لێ بێت".


وشە - پۆڵا مەحموود