دۆناڵد ترەمپ چاوەڕێی ئاگربەستی تەواوەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات

:: PM:09:45:18/06/2026 ‌
ئەمڕۆ پێنجشەم 18ی حوزەیرانی 2026، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا ڕای گەیاند، وڵاتەکەی پێشبینیی ئاگربەستێکی تەواوەتی لەسەرجەم بەرەکان دەکات، لە نێویاندا لبنان، حزبۆڵا و ئیسرائیل.

ترەمپ لە پۆستێکدا لەسەر پلاتفۆرمی "ترووس سۆشیال"  گوتی، ئەمەریکا پابەندە بە ئاشتی، و داوا لە هەمووان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەین پابەندبن بە پێدانی دەرفەت بە دانوستانەکانمان تا بە ئەرێنی و سادەیی پەرە بستێنن.

زیاتر گوتی، بازاڕەکان پێشوازی لەوە دەکەن کە ڕوو دەدات؛ چونکە نرخی نەوت دابەزینێکی گەورە بەخۆوە دەبینێت، لە کاتێکدا پشکەکان بەشێوەیەکی بەرچاو بەرز دەبنەوە.

ترەمپ دووپاتی کردەوە کە چاوەڕێی وەستانێکی تەواوەتیی تەقەکردن دەکەین لەسەرجەم بەرەکان، لە نێویاندا لبنان، حزبۆڵا و ئیسرائیل.

ئەمە لە کاتێکدایە کە پێشتر لەمڕۆ پێنجشەمدا، حزبۆڵای لبنانی لە وەڵامی پێشێلکارییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر ئاگربەست، دەستپێکردنی "ئۆپراسیۆنەکانی عاشوورا"ی ڕاگەیاند. ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنی ڕێوڕەسمەکانی عاشوورا لەلایەن شیعەکان لە لبنان.

جێی باسە، ئەم پێدادادانانە لە کاتێکدان کە ئێران و ئەمەریکا یاداشتێکی لێکتێگەیشتنیان واژوو کردووە، کە سەرجەم لایەنەکان پابەند دەکات بە کۆتایهێنان بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکاندا.

لە دەقی ڕێککەوتنەکەدا هاتووە، ئێران، ئەمەریکا و هاوپەیمانەکانیان ڕاگەیاندنی کۆتاییهێنانێکی دەستبەجێ و هەمیشەیی بە ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان لەسەرجەم بەرەکان ڕادەگەیەنن، لە نێویاندا لبنان.

هەروەها دووپات کراوەتەوە کە هەردوو لا پابەندن بەوەی هیچ شەڕ یان ئۆپراسیۆنێکی سەربازی هەڵنەگیرسێنن، خۆیان بپارێزن لە هەڕەشەکردن یان بەکارهێنانی هێز، و گرەنتیی سەروەری و سەلامەتیی لبنان بکەن، بە مەرجێک کە ڕێککەوتنی کۆتایی ئەم کۆتایهێنانە هەمیشەیییەی شەڕ دووپات بکاتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود