یەكێك لە بڕگەكانی یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمەریكا وەستانی شەڕ و هێرشەكانە لە لبنان، كەچی شەڕ لە لبنان بەردەوامە، فەرماندەیی ناوەندیی خاتەمولئەنبیای ئێران داخستنی گەرووی هورمزی لەبەردەم هاتوچۆی دەریاوانی بەهۆی پێشێلكردنی ئیسرائیل بۆ ئاگربەست لە لبنان راگەیاند.
وەك فەرماندەییەكە لە بەیاننامەیەك ئێوارەی ئەمڕۆ شەموو دووپاتی كردەوە، هاتوچۆی دەریاوانی لە گەرووی هورمز بەهۆی جێبەجێنەكردنی بەندێكی یاداشتی لێكگەیشتنەكەی تایبەت بە وەستانی شەڕ لە نێوان تاران و واشنتن و پێشێلكردنی بەردەوامی ئاگربەست لە لبنان لە لایەن ئیسرائیل گەرووی هورمز داخرایەوە.
فەرماندەییەكە روونی كردەوە، ئەو هەنگاوە یەكەم قۆناغی وەڵامدانەوەیە بۆ پابەندنەبوونی دەژمن بە پارەندییەكانی، وریایی لە بەردەوامبوونی هێرشەكان دا و ئاشكرای كرد كە پلان بۆ وەرگرتنی هەنگاوی زیاتری پەرەسەندن دانراوە كە دواتر بۆ ناچاركردنی دوژمن بۆ پابەندبوون بە یاداشتەكە وەردەگیرێت.
پێنجشەمی رابردوو هەریەك لە دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا و مەسعوود پزیشكیان سەرۆكی ئێران یاداشتی لێكگەیشتنی نێوان وڵاتەكانیان بۆ وەستانی شەڕ واژوو كرد، سەرۆكی ئێران دەقی یاداشتەكەی بڵاو كردەوە كە لە 14 خاڵ پێك هاتووە، باسی وەستانی شەڕ لە هەموو بەرەكان دەكات بە لبنانیشەوە، ئێران و ئەمەریكا پابەند دەبن بە رێزگرتنی سەروەری و سەلامەتیی خاكی یەكتر و دەست وەرنادەنە كاروباری یەكتر، لە ماوەی 60 رۆژ بۆ گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی دانوستان دەكەن.
لەگەڵ واژووكردنی یاداشتەكە ئەمەریكا گەمارۆی دەریایی لەسەر ئێران لادەبات، ئێران بۆ ماوەی 60 رۆژ گەرووی هورمز دەكاتەوە بێ وەرگرتنی باج، هەوڵ دەدرێت پلانێك بۆ ئاوەدانكردنەوەی ئێران بە بەهای 300 ملیار دۆلار دابنرێت، ئەمەریكا كۆتایی بە هەموو سزاكانی سەر ئێران دێنێت، ئێران هەوڵی بەدەستهێنانی چەكی ئەتۆمی نادات و تا گەیشتن بە رێككەوتنی كۆتایی ئەو دۆخەی ئێستە وەك خۆی دەپارێزرێت، تا رێككەوتنی كۆتایی وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریكا لێخۆشبوون بۆ هەناردنی نەوتی ئێران دەكات، ئەمەریكا بەڵێن دەدات پارە بلۆككراوەكەی ئێران ئازاد بكات، هەردوو وڵات میكانیزمێك بۆ چاودێریكردن و جێبەجێكردنی یاداشتەكە دادەنێن، دوای واژووكردن و جێبەجێكردنی بڕگەكان، دەست بە دانوستان دەكرێت و بە بڕیارێكی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی لایەنەكان پابەندی جێبەجێكردنی دەكرێن.