ئەمڕۆ هاتە راگەیاندن كە هەریەك لە ستیڤ ویتكۆف و گارید كۆشنەر دانوستانكاری ئەمەریكا گەیشتوونەتە سویسرا بۆ بەشداریكردنی لەو دانوستانانەی لەگەڵ ئێران بە ناوەندگیریی پاكستان و قەتەڕ لەو وڵاتە بڕێوە دەچن، هاوكات وەزارەتی دەرەوەی ئێران رای گەیاند كە شاندێی دانوستانكاری ئێران بەرەو سویسرا بەڕێ كەوتووە و ناوی ئەندامانی شاندەكە هاتە راگەیاندن.
ئەمڕۆ شەموو شاندێكی
باڵای ئێران بەرەو سویسرا بەڕێ كەوت، كە لە هەریەك لە محەمەد باقر قالیباف سەرۆكی پەرلەمانی ئێران و عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوە و عەلی باقری جێگری ئەمینداری ئەنجوومەنی باڵای تەناهی بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و عەبدولناسر هیمەتی پارێزگاری بانكی ناوەندی و حەمید بۆرد بەڕێوەبەری كۆمپانیای نیشتمانیی نەوت و كاز و غەریب ئابادی یاردەدەری یاسایی وەزارەتی دەرەوە و چەند بەرپرسێكی تر پێك هاتووە.
بەپێی تەلەڤزیۆنی ئێران شاندەكە بۆ باسكردنی جێبەجێكردنی یاساداشتی لێكگەیشتنی واژووكراو لەگەڵ ئەمەریكا چوونەتە سویسرا، ئیسماعیل بەقائی گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی ئێران گوتی، شاندەكە بەدواداچوون بۆ پابەندبوونی ئەمەریكا بەوەی لەسەریەتی لە یاداشتەكە و چۆنیەتی جێبەجێكردنی دەكات.
ئەمڕۆ جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا لە لێدوانێكی بۆ "فۆكس نیوز"ی ئەمەریكی گوتی، ئەگەری هەیە سبەی یەكشەم دانوستانەكان لەگەڵ ئێران ساز بكرێت، كارەكان بە باشی بەڕێوە دەچن، ئێستە ستیڤ ویتكۆف و گارید كۆشنەر لە سویسران بۆ بەشداریكردن لە دانوستانە چاوەڕوانكراوەكان لەگەڵ ئێران.
روونی كردەوە، واشنتن متمانەی بە توانای بۆ پارێزگاریكردن لە ئاگربەست هەیە و دووپاتی كردەوە كە ئیدارەی ئەمەریكا هەل بۆ دانوستان لەگەڵ ئێران دەرەخسێنێت، پێشبینی ئەوەشی كرد كە رەنگە لە دوو رۆژی داهاتوو خۆی روو بكاتە سویسرا، بەڵام ئەو كارە پێویستی بە هاوئاهەنگییەكی ورد و پرۆتۆكۆلی دیپلۆماسی هەیە.