لە دوای زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی بۆ سەر باشوور و رۆژهەڵاتی لبنان، ئەمڕۆ شەموو سەرۆك وەزیرانی ئیسرائیل وەستانی هێرشەكانی لە لبنان راگەیاند، نەتنیاهۆ دووپاتی كردەوە كە سوپای وڵاتەكەی تا ئەوكاتەی پێویست بكات لە باشووری لبنان دەمێنێتەوە بۆ بەرگریكردن لە سنوورەكانی باكوری ئیسرائیل.
بەپێی
بەیاننامەیەك، نەتنیاهۆ رێنوێنی بە سوپای ئیسرائیل داوە بۆ وەڵامدانەوەی بەهێزی هەر هێرشێكی حزبوڵا و كاركردن بۆ لەناوبردنی هەر هەڕەشەیەكی ئەو حزبە بۆ سەر سوپای ئیسرائیل، بەیاننامەكە لە بەرپرسێكی ئیسرائیلی گواستەوە، لە وەڵامی هێرشەكانی دوو رۆژی رابردووی حزبوڵا، سوپای ئیسرائیل زنجیرە هێرشێكی ئاسمانی كردە سەر 300 ئامانج و 100 تیرۆریستی كوشت.
ئەو بەرپرسە ئیسرائیلییە زیاتر گوتی، ئەگەر جارێكی تر حزبوڵا هێرش بكاتە سەر سوپای ئیسرائیل، ئەوە بەهێزتر وەڵامیان دەبێت.
لای خۆیەوە ئەمڕۆ حزبوڵای لبنانی رای گەیاند كە رەتی دەكەنەوە بابەتی ئازادی ئیسرائیل لە كردنەئامانجی لبنان لە رێككەوتنی ئاگربەست جێگیر بكرێت، دووپاتی كردەوە پێویستە سوپای ئیسرائیل لە خاكی لبنان بچێتە دەرەوە، سوپای ئیسرائیل لە بەرەبەیانی دوێنێ هەینییەوە 300 ئامانجی لە لبنان بۆردمان كردووە و هێرشی كردووەتە سەر 25 شارەدێ و گوند و بەو هۆیەوە زیاتر لە 111 كوس كوژراون و 176ی تریش بریندارن.