دانوستانەکانی واشنتن و تاران بە شێوەیەکی نافەرمی بەردەوامن

:: PM:08:52:21/06/2026 ‌
ئەمڕۆ یەکشەم 21ی حوزەیرانی 2026، ماڵپەڕی "ئەکسیۆس"ی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، شاندی ئێرانی شوێنی دانوستانەکانی لە هاوینەهەواری بێرگنشتۆک لە سویسرا جێ نەهێشتووە، و لە زاری دیپلۆماتکارێکی بەشداربووی ناو دانوستانەکانەوە دووپاتی کردەوە کە دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران "هێشتا بەردەوامن".

میدیاکان لە زاری سەرچاوەکانەوە دووپاتیان کردەوە کە دانوستانە "نافەرییەكان" لە نێوان ئەمەریکا و ئێران بەردەوامن، بەڵام شاندی ئێرانی گەڕاوەتەوە هۆتێلەکەی و دەستی بە خولی دانوستان نەکردووەتەوە، ئەوەش وەک ناڕەزایەتییەک بەرانبەر بەو لێدوانانەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا کە ئاراستەی تارانی کردبوون.

ڕاپۆرتە میدیاییەکانی ئێران ئاماژەیان بەوە دابوو کە دوای هەڕەشەکانی دۆناڵد ترەمپ، تیمی ئێرانی شوێنی دانوستانەکانیان جێهێشتووە، و لە ئێستەدا لە ناو هۆتێلەکان دان.

پێشتر ترەمپ، هاوکات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەکانی شاندی ئەمەریکی و ئێرانی لە سویسرا، هەڕەشەی دەستبەسەرداگرتنی ئێرانی کردبوو، لە وەڵامی ئەوەی مەسعوود پزیشکیان سەرۆکی ئێران دووپاتی کردبووەوە کە وڵاتەکەی دەستبەرداری مافی پیتاندنی یۆرانیۆم نابێت و لایەنی بەرانبەریش ناچارە ئەوە قبووڵ بکات.

ترەمپ لە وەڵامدا گوتی، دەبێت پزیشکیان پابەندی یاساکانی یارییەکە بێت ئەگەرنا دەست بەسەر ئێراندا دەگرین"، سەبارەت بە دەستبەردارنەبوونی ئێرانیش لە پیتاندن، هۆشداری دا کە دەبێت (پزیشکیان) ئاگادار بێت.

هەروەها ترەمپ ئاماژەی بەوە دا کە بە ئێرانییەکانی گوتووە، ئەگەر گەرووی هورمز دابخەن، دەوڵەتتان نامێنێت، و تەنانەت ناتوانن بگەڕێنەوە ناوی. لە دیمانەیەکیشدا لەگەڵ کەناڵی "فۆکس نیوز" زیاتر گوتی، لەوانەیە دەست بەسەر گەرووی هورمزدا بگرین ئەگەر ناچار بین، و ئەگەر نەگەینە ڕێککەوتن لەگەڵ ئێران ئەوا باجی تێپەڕبوون لە گەرووی هورمز دەسەپێنین.

ئەم پێشهاتانە دوای ئەوە دێن کە سەرچاوەیەک بە تەلەڤزیۆنی ئێرانی ڕاگەیاندبوو کە خولی یەکەمی دانوستانەکان کۆتایی هاتووە، ڕوونیشی کردەوە کە تیشکی خستووەتە سەر دۆخی لبنان و باسی دۆسیەی ئەتۆمی نەکردووە.

لەم چوارچێوەیەدا، حوسێن قوربان زادە ئەندامی تیمی دانوستانکاری ئێران گوتی، گرنگترین تەوەری دانوستانەکانی سویسرا، جێبەجێکردنی خاڵی 13ی یاداشتی لێکتێگەیشتنی نێوان ئێران و ئەمەریکایە، لەگەڵ ئامادەکردنی پێداویستییەکان بۆ دەستپێکردنی گفتوگۆ لەسەر خاڵەکانی تری ڕێککەوتنەکە.



وشە - پۆڵا مەحموود