ئەمڕۆ چوارشەم 24ی حوزەیرانی 2026، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا (سێنتکۆم) لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرایان کرد، هێزەکانیان لە ڕێگەی بۆردمانێکی ئاسمانییەوە لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا، یەکێک لە سەرکردە باڵاکانی ڕێکخراوی داعشیان کوشتووە.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، هێزەکانی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا لە 19ی حوزەیران هێرشێکی ئاسمانییان لە باکووری ڕۆژئاوای سووریا ئەنجام داوە، کە بووەتە هۆی کوژرانی سەرکردەیەکی باڵای داعش.
زیاتر ڕوونی کردووەتەوە کە ئەو بۆردمانە وردە بووەتە هۆی کوژرانی (عەلی حوسێن عەلێوی)، و ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانی ئەمەریکادایە بۆ لەناوبردنی تیرۆر، لە کاتێکدا هێزەکانی سێنتکۆم بەردەوامن لە کارکردن شانبەشانی هاوبەشە هەرێمییەکانیان.
لە ڕاگەیەنراوەکەدا لە زاری ئەدمیراڵ براد کوپەر فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمەریکا گواستراوەتەوە، فەرماندەیی ناوەندی و هاوبەشەکانمان پابەندن بە ڕیشەکێشکردنی پاشماوەکانی داعش، بۆ مسۆگەرکردنی تێکشکاندنی هەمیشەیییان.
هەروەها دووپاتی کردووەتەوە، بەردەوام دەبین لە بەرگریکردن لە خاکی ئەمەریکا، هێزەکانمان، هاوپەیمانان و هاوبەشەکانمان لە سەرانسەری ناوچەکەدا.