ئەحمەد داودئۆغڵو كە بە سیاسییە میانڕەوە دژە نەتەوەپەرستەكە بەناوبانگە، لە نوێترین لێدوانیدا وەك توركێك گوتی، توركیا قوربانیی بۆ سووریا داوە و ئەمەریكا و ئیسرائیل بەرهەمەكەی دەخۆن.
لە دوای لێدوانەكەی ترەمپ كە گوتی، شەڕی حزبوڵا بە ئەحمەد شەرع دەكەین و ئەوان باشترین خەڵكن بۆ ئەو كارە، ترەمپ بەجۆرێك ئاماژەی پێ دا كە ئەحمەد شەرع مقاشی دەستی بێت، هەر كاتێك ویستی هەرچی ئارەزووی لێ بێت پێی بگرێت.
ئەم لێدوانانەی ترەمپ شەقامی توركی تووڕە و نیگەران كردووە، بەجۆرێك بەرپرسان بەنیگەرانییەوە لە پێوەندیی ئەحمەد شەرع و ئیسرائیل و ئەمەریكا دەڕوانن.
ئیسرائیل بووەتە هێزێكی گەورە كە توركیا بەتاكە بەربەستی رێگەی گەشەپێدانی خۆی دەبینێت، ئەگەرچی ترەمپ وەك دۆست باسی ئەردۆغان دەكات، بەڵام یارمەتیی ئیسرائیل دەدات كە دەسەڵاتی توركیا لە سووریا كەم بكرێتەوە.
لەمبارەیەوە ئەحمەد داودئۆغڵو گوتی، ئەحمەد شەرع سەری بۆ ئەمەریكا و ئیسرائیل شۆڕ كردووە".
ئەحمەد داودئۆغڵو بە تووڕەییەوە ڕەخنە لە دۆناڵد ترەمپ و ئەحمەد شەرع دەگرێت و دەڵێت: ئێمە قوربانیمان لە سووریا داوە، ئێستە ئەمەریكا و ئیسرائیل بەرهەمەكەی دەچنەوە.