لە دوای رێككەوتنی وەستانی شەڕی ئێران و ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوو، ئێران بڕیاری دا رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی رابەری باڵای كوژراوی لە ئێران و عێراق ساز بكات، بەر لە ناشتنی تەرمەكەی لە مەشهەد، هاوكات هێزە تەناهییە عێراقییەكان خۆیان بۆ ئەو رێوڕەسمە ئامادە دكەن، كە هەردوو پارێزگای نەجەف و كەربەلا دەگرێتەوە، وەك سەرچاوەكانی نزیك لەو میلیشیاكان باسیان كردووە ئەو هەنگاوە لە وەسیەتنامەی خامنەییدا هاتووە.
لیژنەی
رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی خامنەیی خشتەی رێوڕەسمەكەی بڵاو كردەوە، كە لە 4ی تەمووزی داهاتوو دەست پێ دەكات و تاران و قوم دەگرێتەوە، دوای تەوابوونی رێوڕەسمی خواحافیزی لە تەرمەكەی لە ئێران، لە 8ی تەمووز دەهێنرێتە نەجەف و كەربەلا، كە هێشتا وردەكاریی رێوڕسمەكە لە عێراق رانەگەندراوە و بڕیارە یەكشەمی داهاتوو بێتە ئاشكراكردن، كە رێوڕەسمەكە ئەندامانی ماڵباتی خامنەییش دەگرێتەوە.
بەپێی چەند سەرچاوەیەكی تەناهیی عێراقی، بەهۆی سەرقاڵی هێزە تەناهییەكانی عێراق بە دابینكردنی ئاسایشی سەردانیكردنی 10ی موحەرم لە نەجەف و كەربەلا، بڕیارە بڕیارە تەناهییەكان و وردەكاریی هێنانی تەرمی خامنەیی بۆ ئەو دوو شارە پیرۆزەی شیعەكان یەكشەمی داهاتوو بێتە راگەیاندن، كە پێشبینی دەكرێت میلیشیاكانیش بەشداری تیادا بكەن، لەوانە كەتیبەكانی حزبوڵا و نوجەبا، لەپاڵ هێزەكانی پۆلیس و سوپای عێراق.
هەفتەی رابردوو عەلی رەزا زاكانی عومدەی تاران رای گەیاند كە رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی ئێران لە عێراقیش ئەنجام دەدرێت، ئەوەش یەكەمجارە ئەو باسە بكرێت، ئەو بە رۆژنامەوانانی گوت، لە ئێران رێوڕەسمەكە دوو رۆژ دەخایەنێت، 6ی تەمووز لە تاران و 7ی تەمووز لە شاری قوم، لە عێراقیش لە 8ی تەمووزی داهاتوو، دوای ئەوە لە 9ی تەمووز تەرمەكە دەبردرێتە شاری مەشهەد و دوای رێوڕەسمێك لە نزیك مەزاری ئیمام عەلی بن مووسا رەزا دێتە ناشتن.
پێشتر دەسەڵاتدارانی ئێران رایان گەیاند كە تەرمی عەلی خامنەیی لە شاری مەشهەد بەخاك دەسپێردرێت، بێ ئاماژەكردن بۆ سازكردنی رێوڕەسمی بەخاكساردن لە دەرەوەی ئێران، بۆیە قسەكانی زاكانی یەكەم دووپاتكردنەوەی فەرمییە بەوە لە عێراقیش رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی بۆ دێتە سازكردن.