دوای ئەوەی ئێران و ئەمەریكا لە هەفتەی رابردوو یاداشتی لێكگەیشتنیان بۆ وەستانی شەڕ واژوو كرد، بڕگەیەكی یاداشتەكە وەستانی شەڕ بوو لە لبنان، كە تا ئێستە نەوەستاوە، ئەمڕۆ ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسدارانی ئێران داوای لە ئیسرائیل كرد دەبێتە خاكی لبنان جێبێڵێت، و ئەگەر خۆی ئەو كارە نەكات بە زەبری هێز ناچاری كشانەوە دەكرێت.
ئەمڕۆ
میدیاكانی ئێران لە قائانییان گواستەوە، ئەگەر ئەمڕۆ ئیسرائیل خۆویستانە لە باشووری لبنان پاشەكشە نەكات، ناچار دەبێت سبەی بە هەڵاتن پاشەكشە بكات، ئەوە لەوكاتەی بەرپرسانی ئیسرائیلی و لبنانی رەتیان كردەوە كە سوپای ئیسرائیل لە باشووری لبنان پاشەكشەی كردبێت، وەك لە لێدوانی بەرپرسێكی ئەمەریكی هاتووە بەوەی وەك نیازپاكی بەرانبەر بە حكوومەتی لبنان، ئیسرائیل بەشێك لە هێزەكانی لە لبنان كشاندووەتەوە.
سێشەمی رابردوو باڵوێزخانەكە رای گەیاند كە پێنجەم گەڕی دانوستانەكانی لبنان و ئیسرائیل لە واشنتن بەڕێوە دەچن، كە راستەوخۆ بۆ ماوەی سێ رۆژ دەخایەنێت، كە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوو هەریەك لە ماركۆ رۆبیۆ وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا و جەی دی ڤانس جێگری سەرۆكی ئەمەریكا بە مەبەستی چەسپاندنی ئاگربەست لە لبنان ئامادەسازییان بۆی كرد.
دانوستانەكە بە سەرپەرشتیی رۆبیۆ لە واشنتن بەڕێوە دەچێت، بەر لە سەردانە سێ رۆژییەكەی بۆ وڵاتانی كەنداو، دانوستانەكان دوو تەوەر دەگرنەوە، سیاسی و سەربازی، كە دوو تیمی جیاوازی هەردوولا خەریكی دانوستانن، بەپێی سەرچاوە ئیسرائیلییەكان، شاندی ئیسرائیل لە دانوستانەكان چەند نەخشەیەك دەخاتە روو بۆ ناوچەیەك لە باشووری رووباری لیتانی و باشووری هێڵی زەرد، كە سوپای ئیسرائیل لێی دەكشێتەوە وەك تاقیكردنەوەیەكی مەیدانی، سوپای لبنانی لەو ناوچەیە بڵاو دەبێتەوە و هێزەكانی ئەمەریكاش ئەركی چاودێری و سەرپەرشتیكردن دەبینن.