پێنتاگۆن ڕۆڵی ژیریی دەستکرد لە دیاریکردنی ئامانجە سەربازییەکان فراوانتر دەکات

:: PM:12:32:26/06/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی 26ی حوزەیرانی 2026، ئاژانسی "بلوومبێرگ" بڵاوی کردەوە کە وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکا پێداچوونەوەی بە بنەماکانی دیاریکردنی ئامانجە سەربازییەکاندا کردووە، و ئاماژەی بەوە داوە کە لەوانەیە لە داهاتوودا ڕۆڵێکی زیاتر بە ژیریی دەسکرد بدرێت لەم ئەرکەدا.

ئاژانسەکە لە زاری چەند بەڵگەنامەیەکی ناوخۆییی وەزارەتی بەرگریی ئەمەریکاوە ئاماژەی بەوە داوە، بنەما نوێیەکان ڕێگە بە گواستنەوە دەدەن بۆ "سیستەمێک کە ژیریی دەسکرد دەستپێشخەری دەکات لە گرتنەبەری ڕێکارەکان لەژێر چاودێریی مرۆڤدا، لە کاتێکدا ئەو یاسایانەی ئێستە کاریان پێ دەکرێت مەرجی ئەوە دەسەپێنن کە مرۆڤ دەستپێشخەری بکات لە گرتنەبەری ڕێکارەکان.

لە بەشێکی تری ڕاپۆرتەکەدا، بڕگەیەک لەبارەی داهاتووی دیاریکردنی ئامانجەکان هاتووە کە دەڵێت، لەوانەیە خێراییی ئۆپراسیۆنە جەنگییەکانی داهاتوو و ئەو پێشکەوتنانەی نەیارەکانمان لە بواری ژیریی دەستکرددا بەدەستی دەهێنن، هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا ناچار بکات پەنا بۆ سیستەمی سەربەخۆی تەواوەتی ببەن.

بلوومبێرگ لە زاری گوتەبێژێکی دەستەی ئەرکانی هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکاوە گواستیەوە، ئەو هەموارکردنانەی لە بنەماکانی دیاریکردنی ئامانجدا کراون، دەرئەنجامی پرۆسەیەکی گشتگیر بوون کە چەندان ساڵی خایاندووە، و پشتیان بەو وانانە بەستووە کە لە دۆخ و ئۆپراسیۆنە جیاوازەکانەوە وەرگیراون.

لە لای خۆیەوە، بەرپرسێکی پێنتاگۆن دووپاتی کردەوە کە ئەو تەکنەلۆجیایانەی ژیریی دەسکرد کە وەزارەتی بەرگری بەکاریان دەهێنێت، بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئامانجەکان هەڵنابژێرن یان نایانکەنە ئامانج، و ڕوونی کردەوە کە سەرکردایەتیی سەربازی کۆنترۆڵی هەموو بڕیارەکان دەپارێزێت.

پێشتر میدیاکانی ئەمەریکا بڵاویان کردبووەوە کە هێزە چەکدارەکانی ئەمەریکا پلاتفۆرمی بەڕێوەبردنی گەشتە ئاسمانییەکانی (Maven Smart System)یان بەکار هێناوە، کە پشت بە مۆدێلی ژیریی دەستکردی (Claude) دەبەستێت، ئەوەش بۆ یارمەتیدان لە هەڵبژاردنی ئامانجەکان لە کاتی پلاندانان بۆ ئۆپراسیۆنە سەربازییەکان دژی ئێران.



وشە - پۆڵا مەحموود