ماڵپەڕی رادیۆی مۆنت كارلۆی فڕەنسی ئاشكرای دەكات لە كاتی سەردانەكەی عەباس عێراقچی بۆ بەغدا كە بڕیارە هەفتەی داهاتوو بێت، بەغدا هەوڵ دەدات كۆتایی بە رۆڵی پاسداران لە عێراق بهێنێت و پێوەندییەكی فەرمی لەگەڵ ئێران دروست بكات كە تەنیا لە رێگەی وەزارەتی دەرەوە بێت.
بڕیارە رۆژی یەكشەمی داهاتوو عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا بكات، پێشتر ئەوە بڵاوكرایەوە كە دوو ئامانجی سەرەكی لە سەردانەكەی هەیە یەكەمیان گەنگەشەكردنی دانوستاندنی نێوان ئێران و ئەمەریكایە، دووەمیشیان رێكخستنی مەراسیمی ناشتنی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی كۆماری ئیسلامی ئێرانە.كەچی ئەمڕۆ هەینی 26ی حوزەیران ماڵپەڕی رادیۆی مۆنت كارلۆ باس لەوە دەكات باس لە رۆڵی سوپای پاسدارانیش لە عێراق دەكرێت.
مۆنت كارلۆ زانیاری ئەوە بڵاو دەكاتەوە عێراق دەیەوێ كۆتایی بە دووفاقی پێوەندی لەگەڵ ئێران بهێنێت، واتە لەلایەك وەزارەتی دەرەوە و لە لایەكی تریش سوپای پاسداران، بۆیە دەیەوێ پێوەندییەكە بە هاوسەنگی تەنیا لەگەڵ وەزارەتی دەرەوەی ئێران بێت و هیچ كەناڵێكی پێوەندی لە نێوان میلیشیاكانی شیعە و سوپای پاسداران نەبێت.
هەفتەی رابردوو ئاژانسی رۆیتەرز ئاشكرای كرد، لە بیابانەكانی سەماوە و بەسرە سوپای پاسدارانی ئێران جێگیر كراون و لەوێوە هێرشیان كردووەتە سەر وڵاتانی كەنداو.