دامەزراوەی سووری- ئەمەریكی بۆ پاراستنی شوێنەوار ئاشكرای دەكات لە دیمەشق چەندان شوێنەواری جووەكان نۆژەن كراونەتەوە و میدیای فەرمی سووریایش باس لەوە دەكات كەسایەتیەكی جوو سەردانی دیمەشقی كردووە.
ئەمڕۆ هەینی 26ی حوزەیران دامەزراوەی سووری ئەمەریكی بۆ پاراستنی شوێنەوارەكان، چەند گرتەیەكی ڤیدیۆی بڵاو كردووەتەوە و كە تێیدا دەردەكەوێت كار لەسەر نۆژەنكردنەوەی یەكێك گۆڕستانەكانی جوو دەكرێت لە دیمەشقدا.
لە
ڤیدیۆكە دەردەكەوێت گۆڕی یەكێك لە حاخامەكانی جوو بە ناوی "راشیل" نۆژەن دەكرێتەوە و نووسینەكانی چاك دەكرێنەوە.
دامەزراوەكە لە راگەیەنراوێكدا دەڵێ،" بە فەرمی دەستمان بە نۆژەنكردنەوە و نوێكردنەوەی گۆڕستانی مێژوویی جوو كرد لە دیمەشق، ئێمە رێز لە مێژوو دەگرین و شكۆ بۆ خاكە پیرۆزەكان دەگێڕینەوە".
هاوكات راگەیاندنی فەرمی سووریا باسیان لەوە كردووە حاخام دیڤید ساپیرستین كە كەسایەتیەكی جووی ئەمەریكایە و لەسەردەمی سەرۆكایەتی باراك ئۆباما باڵوێزی ئازادی ئاینی بووە، سەردانێكی سەركەوتووی بۆ دیمەشق ئەنجام داوە.
لە ماوەی رابردوودا چەندان شوێنەواری تری جوو لە حەلەب نۆژەنكرایەوە. لەوەتەی رژێمی بەشار ئەسەد رووخاوە، دەسەڵاتی نوێی سووریا بایەخ بە كولتووری جوو دەدات و بەگوێرەی هەندێك راپۆرت پیاوانی بڕیاربەدەستی ئەو دەسەڵاتە كە پێشتر لە گرووپە چەكدارە ئیسلامییە توندڕەوەكان بوون، هەوڵ دەدەن پێوەندی وڵاتەكەیان لەگەڵ ئیسرائیل ئاسایی بكەنەوە.