سوپای ئەمەریكا: چاوپۆشی لە هێرشەكانی ئێران ناكەین

:: PM:05:10:27/06/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ واژووكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی ئێران و ئەمەریكا و بەڕێوەچوونی دانوستانەكان، دوێنێ لە گەرووی هورمز هێرش كرایە سەر كەشتییەكی بازرگانی و ئەمەریكاش وەڵامی ئێرانی دایەوە و ئێرانیش بە هاوشێوە، لەو ناوەدا فەرماندەیی ناوەندی ئەمەریكا رای گەیاند كە چاوپۆشی لە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر كەشتییە بازرگانییەكان ناكەن.

ئەمڕۆ شەموو سێنتكۆم لە بەیاننامەیەكدا رای گەیاند كار لەسەر زیادكردنی خێرایی هاتوچۆكردنی دەریایی بە گەرووی هورمز دەكەین، هاوكات چاودێریی هاوئاهەگی و پاڵپشتیی كەشتییە بازرگانییەكان لە گەرووی هورمز دەكەین، دووپاتی كردەوە كە ئەمەریكا رێگا بە ئێران نادات هێرش بكاتە سەر كەشتییەكان.

دوێنێ هەینی لە وەڵامی هێرشێكی درۆنی ئێران بۆ سەر كەشتییەكی بازرگانی لە گەرووی هورمز، سوپای ئەمەریكا هێرشی كردە سەر ئێران، هەردوولا یەكتریان بە پێشێلكردنی یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراو لەو نێوان هەردوولا تۆمەتبار كرد، سوپای ئەمەریكا ئاماژەی كرد كە ئەمباری مووشەك و درۆن و رادارە كەناراوییەكانی ئێرانیان بۆردان كردووە، ئێرانیش رای گەیاند كە چەند ئامانجێكی سەربازیی ئەمەریكییان بۆردمان كردووە.

لای خۆیەوە موحسین رەزایی راوێژكاری سەربازیی رابەری باڵای ئێران رای گەیاند، ئەمەریكا پێشێلی دوو خاڵی یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراوی كردووە و هەڕەشەی وەڵامدانەوەیەكی خێرای كرد، ئەو لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی ئێكس نووسیویەتی، ئەمەریكا لە رێگەی پاڵپشتیكردنی هێرشەكانی ئیسرائیل لە لبنان و پەرەسەندنەكان لە گەرووی هورمز پێشێلی هەردوو بڕگەی یەك و پێنجی یاداشتەكەی كردووە، دووپاتی كردەوە كە وڵاتەكەی بە توندی و بە خێرایی وەڵامی ئەو پێشێلكارییانە دەداتەوە.    




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل