بۆچی عێراقچی سەردانی بەغدا دەكات؟

:: PM:05:28:27/06/2026 ‌

بڕیارە سبەی یەكشەم عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران سەردانی بەغدا بكات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای عێراق كۆ ببێتەوە، پەرلەمانتارێكی عێراق ئاماژە دەكات كە چەند دۆسیەیەكی تەناهی و سیاسی و ئابووری و ناوچەیی لەگەڵ بەرپرسانی عێراق باس دەكات.

موختار مووسەوی ئەندامی لیژنەی پێوەندییەكانی دەرەوەی لە پەرلەمانی عێراق ئاماژە دەكات، سبەی یەكشەم عێراقچی دەگاتە بەغدا، سەردانەكە لە ساتێكی زۆر گرنگ و هەستیار دێت، زنجیرەیەك دیار و كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی حكوومەتی عێراق ساز دەكات و باسی پێوەندییەكانی هەردوولا و هاوئاهەنگی لە بوارەكانی سیاسی و تەناهی و ئابووری دەكەن، بەتایبەتی ئاسایشی هاوبەش و هاریكاری لە بواری رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر و كۆنترۆڵكردنی سنوورەكانیان و رێگرتن لە دزەكردن و تەواوكرلادنی رێككەوتنە تەناهییەكانی نێوان بەغدا و تاران.

روونی كردەوە، هەر لەو سەردانە باسی پەرەسەندنەكانی ناوچەكە و هەوڵەكانی نەهێشتنی ئاڵۆزی و وەستانی یەكجارەكیی شەڕ و هاندان بۆ ئاشتی بەردەوام سەڕ دەكرێت، باسی ئازادیی هاتوچۆی دەریاوانی بە گەرووی هورمز، بەتایبەتی كەشتییە عێراقییەكان بێ مەرج دەكرێت، كە چاوەڕوان دەكرێت سبەی عێراقچی لەوبارەوە لێدوان بدات.

ئەمە و بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی تەمووزی داهاتوو عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق سەردانی واشنتن بكات و چەند دۆسیەیەكی لە هەگبەدایە، لەوانە دەستبەرداربوون لە ئێران و داماڵینی چەكی میلیشیاكانی ئێران و وەستانی هێرشەكانیان لەناو خاكی عێراقەوە، كە ئەوەش نەوەك تەنیا بۆ عێراق و ئەمەریكا، بەڵكو بۆ ئێرانیش گرنگە و تاران پێی رازی نییە.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل