لە 16ی ئەم مانگە تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا بۆ عێراق و سووریا سەردانی بەغدا و دواتر هەولێری كرد، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئەو لە كاتی سەردانەكەی بۆ هەولێر، باسی چارەسەركردنی كێشە و ناكۆكییە نەوتییەكانی هەولێر و بەغدای كردووە، داوای پەلەكردن لە لێكگەیشتنی هەردوولای لەو دۆسیە كردووە.
ماجد شنگالی پەرلەمانتاری پێشووی عێراق دووپاتی كردەوە كە باراك لە هەولێر باسی هاریكاریی ئەمەریكا و عێراقی لە بواری وزە كرد، جا لەگەڵ بەغدا یان هەولێر، جیا لە باسكردنی بابەتی بۆری نەوتی كەركووك- بانیاس كە لەو رێگایەوە نەوتی عێراق لە رێگەی سووریاوە دەكاتە دەریای سپی ناوەڕاست.
سەبارەت لە دەركردنی یاسای نەوت و غاز، كە بە چارەسەرێكی ناكۆكییە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق دادەنرێت، گوتی، هیوایەك نییە بەمنزیكانە ئەو یاسایە لە پەرلەمان دەربكرێت، چونكە بەغدا خواستی زیاتری مەركەزیەت و كۆنترۆڵكردنی سامانی نەوتی لە هەرێم هەیە، هاوكات زەیدی ناتوانێت بێ رێككەوتنی سیاسی یاساكە لە پەرلەمان تێپەڕ بكات، كە بەداخەوە پەرلەمانی ئێستە نەیتوانیوە بگاتە دەقێكی یاساكە بەغدا و هەولێر و پارێزگا بەرهەمهێنەرەكان لەسەری كۆك بن.
لای خۆیەوە مەیادە نەجار پەرلەمانتارێكی تری عێراق ئاماژە دەكات كە ناكۆكیی نەوتی نێوان هەولێر و بەغدا لە قۆناغی چەقبەستوویی گوازراوەتەوە بۆ قۆناغی دانوستانێكی رژد، لە چەند هەفتەی دوایی پێوەندییەكانی هەولێر و بەغدا لەوبارەوە گەرموگوڕییان بەخۆیانەوە بینی، بەتایبەتی لەبارەی هەناردەكردنەوەی نەوت و چارەسەركردنی دۆسیە داراییەكان و ئامادەكردنی زەوینە بۆ دەركردنی یاسای نەوت و غاز، ئاماژەی ئەرێنی بۆ كۆتاهاتنی ناكۆكییەكانی هەردوولا و هاوئاهەنگی لەسەر ئاستەكانی ئابووری و تەناهی هەیە.