سەدر داوای گۆڕانكاری لە هەڵبژاردەی عێراق دەكات

:: PM:08:24:27/06/2026 ‌

دوای ئەو ئاستە خراپ و ئەنجامە شەرمەزارانەی هەڵبژاردەی عێراق لە پاڵەوانیەتی جامی جیهان هەیبوو، كە ئێستە بەردەوامە، لە دوای دۆڕاندنی سێ یاری لە كۆمەڵەكەی بە ئەنجامی قورس و دەرچوونی لە پاڵەوانیەتییەكە، موقتەدا سەدر سەركردەی رەوتی نیشتمانیی شیعە داوای گۆڕانكاریی بەپەلە لە هەڵبژاردەی عێراق دوور لە گیانی تایفەیی و ئەتنی و حزبی دەكات.

ئەمڕۆ شەموو لە بڵاوكراوەیەك ساڵح محەمەد عێراقی كە بە ناوی موقتەدا سەدرەوە لە سۆشیال میدیا بڕیار و بۆچوونەكانی بڵاو دەكاتەوە، دەڵێت، لێرەوە نابێت بەرانبەر بە ئاست و توانای شەرمەزاركەری هەڵبژاردەی عێراق لە جامی جیهان و پاڵاوتنەكەی بێ دەنگ بین، پێویستە گۆڕانكاریی بە پەلە و راشكاوانە دوور لە گیانی تایفەیی و ئەتنی و حزبی ئەنجام بدرێت، نەك تەنیا لە یاریزانەكان، بەڵكو لە هەموو ئەوانەی پێوەندییان بە كارگێڕی هەڵبژاردەكە و راهێنان و ئەوانیتریشەوە هەیە.

روونی كردەوە، گۆڕانكارییەكە بە شێوەیەكی دروستی پیشەیی و ورد بێت، ئەگینا بەهۆی گەندەڵی و بەسیاسیكردن و تایفەیی و ناكۆكییە شاراوەكان، چتر هەڵبژاردەی عێراق شوێنی لە پاڵەوانیەتییەكانی ناوچەكە و كیشوەری و نێودەوڵەتی نابێتەوە.     






وشە - مه‌حموود ئیسماعیل