لەو هەڵمەتەی كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی ئەنجام دراوە، هێزی دژەتیرۆری عێراق هەڵمەتەكەی كردووە و هێزێكیش چووەتە سەر ماڵی تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی عێراق، چونكە ئەویش بە گەندەڵی تۆمەتبارە و دوایین جار بە دیارنەمانی 140 ملیار دینار تۆمەتبار كراوە.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم 28ی حوزەیران، هەڵمەتێكی گرتن لە بەغدا ئەنجام درا بۆ گرتنی ئەو بەرپرس و پەرلەمانتارانەی كە تۆمەتبارن بە گەندەڵی.
ماڵپەڕی كەناڵی عەرەبیە چەندان زانیاریی نوێی بڵاو كردووەتەوە، بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە سەرچاوە عێراقییەكان دەستی كەوتووە، عەرەبیە باس لەوە دەكات سەرجەم ئەو كەسانەی گیراون، بە بڕیاری دادگا گیراون، ئەو هێزەیش هەڵمەتەكەی ئەنجام داوە، دژەتیرۆری عێراقە.
كەناڵە سعوودییەكە دووپاتی دەكاتەوە، تا ئێستە ناوچەی سەوزی بەغدا داخراوە و هەڵمەتی گەڕان و پشكنین بەردەوامە.
ئەو كەسانەی گیراون ئەمانەن: موسەنا سامەرایی، عالیە نسەیف، محەمەد سەیهوود، محەمەد كەربوولی، بەهادین نووری، زیاد جەنابی گیراون كە ئەوانە سەرجەمیان جیا لە سیفەتی حزبی پەرلەمانتارن، هەروەها معاریج بەهادلی بریكاری وەزیری نەوتیش گیراوە.
عەرەبیە باس لەوە دەكات ئەو هەڵمەتە تەنیا لە بەغدا ئەنجام نادرێت، بەڵكو لە پارێزگاكانی تریش دەگرێتەوە.
هەر لەسەر ئەم ئۆپراسیۆنە زانیاریی ئەوەیش بڵاو كراوەتەوە، هێزەكەی دژە تیرۆر هەڵیكوتاوەتە سەر ماڵی تەیف سامی وەزیری پێشووی دارایی عێراق، تەیف پێشتر ئەوە تۆمەتبار دەكرا كە لە بەرژەوەندی میلیشیاكانی سەربە ئێران كار دەكات، دوایین جاریش مەسعوود حەیدەر بریكاری وەزیری پێشووی عێراق ئاشكرای كرد كە 140 ملیار دینار لە وەزارەتی دارایی عێراق دیار نەماوە.