دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنی تۆمەتبارانی چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی لە بەغدا و چەند پارێزگایەكی عێراق دەستی پێ كرد و ژمارەیەك تۆمەتبار گیران، سەندیكای پارێزەرانی عێراق دووپاتی كردەوە كە پاڵپشتی لە هیچ هەوڵێك بۆ بەرگریكردن لە گیراوان بە تۆمەتی گەندەڵی ناكەن.
بەپێی
بەیاننامەیەكی سەندیكاكە، پاڵپشتی لەهەر هەنگاوێكی كردەنی و رژد بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و وشككردنی سەرچاوەكانی دەكەین، كە بەپێی بڕگەكانی دەستوور و یاسا بەڕێوە دەچن، بەرەو گەیشتن بە ئامانجەكانی رای گشتی، ئەوەش دوای ئەوەی دۆخەكە گەیشتبووە ئاستی بێئومێدی، كە رەتی دەكەینەوە و گۆڕانی بە پێویست دەزانین، چونكە بەرجەستەی خواستی راستەقینەی گەڕاندنەوەی شكۆی دەوڵەت و چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەری یاسا دەكات.
روونی كردەوە، بۆیە هیچ پاڵپشتییەكی بەرگریكردن لە تۆمەتباران بە گەندەڵی ناكەین، چونكە ئەركی ئەخلاقی بەرانبەر بە نیشتمان وا پێویست دەكات كە دەستی ئێمە بە بەهەدەردانی سامانی گشتی و دزراو لە قووتی گەل و داهاتی وڵات تێكەڵ نەبێت، ئەو رێوشوێنانە دەروازەیەكی راستەقینەی هیوان بۆ گەلی عێراق بەوەی هەر كاتێك خواستی راستگۆیانە بۆ گەڕاندنەوەی مافی هاووڵاتییان و لێپرسینەوە لەوانەی یاری بە داهاتی وڵات و چەسپاندی دامەزراوەكان هەبێت، دەوڵەت ئەنجامی دەدات.