نووری مالیكی پاڵپشتی لە هەڵمەتەكەی زەیدی لە دژی گەندەڵكاران دەكات

:: PM:06:31:28/06/2026 ‌

دوای ئەوەی درەنگانێكی شەوی رابردوو و بەرەبەیانی ئەمڕۆ هێزە تەناهییەكانی عێراق هەڵمەتێكی فرەوانیان لە بەغدا و چەند پارێزگایەك بۆ گرتنی ژمارەیەك لە بەرپرس و پەرلەمانتار و كارسازی عێراق بە تۆمەتی تێوەگلان لە دۆسیەی گەندەڵی دەست پێ كرد و هەڵمەتەكە بەردەوامە، نووری مالیكی سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا دەستخۆشی و پیرۆزبایی ئەو هەنگاوەی لە زەیدی و حكوومەتەكەی كرد.

ئەمڕۆ مالیكی لە بەیاننامەیەك كە ماڵپەڕی هاوپەیمانیەتییەكەی هاتە بڵاوكردنەوە گوتی، بۆ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران و دادوەرە ئازاكان، دەستخۆشیی هەڵمەتی "فەجر" بۆ راوەدوونانی گەندەڵكارانتان لێ دەكەین، ئەوانەی یارییان بە سامانی گەل كرد، دووپات لە پاڵپشتیكردنتان و هەوڵەكانتان دەكەین لە چەسپاندنی دادوەری و لێپرسینەوە لە هەموو ئەوانەی ئەمانەتییان نەپاراست و خراپەكار بوون.

مالیكی دووپاتی كردەوە، لەو ئەركەتان تا كۆتایی بەردەوام بن، چونكە هەنگاوێكە لە لایەن گەلی عێراقەوە ماوەیەكی زۆرە چاوەڕێ دەكرا. 





وشە - مه‌حموود ئیسماعیل