هاوپەیمانیەتییەكەی سوودانی وریایی دەدات

:: PM:07:40:28/06/2026 ‌

بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەم هەڵمەتێكی فرەوانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و گرتنی ژمارەیەك تۆمەتباری تێوەگلاو لە چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی لە بەغدا و چەند پارێزگایەكی عێراق دەستی پێ كرد و ژمارەیەك تۆمەتبار لە بەرپرسی سیاسی و پەرلەمانتار و كارساز گیران، هەریەك لە سەدر و مالیكی پاڵپشتییان لە هەڵمەتەكە كرد، هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی سوودانی پاڵپشتیی لە گرتنی گەندەڵكاران كرد و وریایی لە تێكەڵكردنی بابەتەكان بە ناوی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی دا.

بەپێی بەیاننامەیەكی هاوپەیمانیەتییەكە، لە سۆنگەی باوەڕبوون بە پرەنسیپی سەروەریی یاسا و سەربەخۆیی دادگا، پاڵپشتی لە رێوشوێنەكانی حكوومەت و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و لایەنە تایبتمەندەكان دەكەین بۆ گرتنی ئەوانەی فەرمانی گرتنیان هەیە، پاڵپشتی لە رەوانەكردنی دۆسیەكانی گەندەڵی بۆ دادگا دەكەین، بەپێی دەستوور و یاسا و دوور لە بابەتە سیاسییەكانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت.

هاوپەیمانیەتییەكە وریایی لە هەڵمەتەكانی ناوزڕاندن و بڵاوكردنەوەی زانیاریی هەڵە لە لایەن گەندەڵكاران دا و دووپاتی لە گرنگیی پشتبەستن بە زانیاریی وردی لایەنی تایبەتمەند كردەوە بۆ دووركەوتنەوە لە بەلاڕێدابردنی رای گشتی. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل