شارەزایەك: كاریگەریی سامانی نەوت لە عێراق رەنگدانەوەی لەسەر ژیانی خەڵكەكەی نەبوو

:: PM:08:20:28/06/2026 ‌

ئێستە هەڵمەتێكی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ كراوە، ئەگەرچی بە هەنگاوێكی گەورە دادەنرێت، بەڵام وەك شارەزایان دەڵێن لە چاو گەندەڵییەكی زەبەلاحی دەیان ساڵ و بەرانبەر بە حزب و بەرپرسانی دەسترۆیشتوو و باڵادەست رەنگە هەڵمەتێكی سنووردار بێت، شارەزایەك ئاماژە دەكات كە ئەو سامانە نەوتییە گەورەی لە عێراق هەیە، رەنگدانەوەی پێویستی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان نەبووە.

عەباس شەتری  پسپۆڕ لە بواری وزە و ئابووری دووپاتی كردەوە كە پارێزگا بەرهەمهێنەرەكانی نەوت خاوەن سەرچاوەیەكی گەورەی داهاتن، ئەوەش لە رێگەی دابینكردنی رێژەیەك لە داهاتی نەوتەكە بۆ ئەوان، بەڵام قەبارەی ئەو پڕۆژانەی لەو پارێزگایانە جێبەجێ كراوە و دەكرێت لە ئاستی پێویست نییە، ئەوەش پرسیار دروست لەبارەی بلانەكان و میكانیزمی جێبەجێكردنیان و بوونی چاودێری لەسەر خەرجییە گشتییەكان دەكات. 

زیاتر گوتی، بشی زۆری ئەو پارەی بۆ پارێزگاكان تەرخان دەكرێت بۆ پڕۆژەكانی ژێرخان دەچێت، واتە تۆڕەكانی ئاو و ئاوەڕۆ و رێگەوبان و كارەبا، جیا لە پڕۆژەكانی هەردوو كەرتی تەندروستی و فێركردن و خزمەتگوزارییەكانی شارەوانی، كەچی رێژەی جێبەجێكردنی ئەو پڕۆژانە لەگەڵ ئەو بڕە پارەی بۆیان تەرخان دەكرێت ناگونجێت.

روونی كردەوە، پەككەوتنی ئەو پڕۆژانە بەهۆی چەند هۆكارێكەوەیە لەوانە دواكەوتنی خەرجكردنی پارە و لاوازیی ئامادەكردنی پلانە تەكنیكییەكان و بەربەستتێكەوتنی گرێبەستەكان و رۆتینی ئیداری و كێشەكانی پێوەندیدار بە چاودێری و بەدواداچوون، ئەوەش بە نەرێنی كاری لە خێرا ئەنجامدانی ئەو پڕۆژانە و كوالیتی ئەوان كردووە، بۆیە گرنگە دیودەری بەهێزتر بكرێت و وردەكاریی پڕۆژەكان و قۆناغەكانی جێبەجێكردنیان ئاشكرا بكرێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل