دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا، بڕیاری راسپاردنی داهاتی نەوتی عێراق بە بانكی فیدراڵی ئەمەریكا نوێ دەكاتەوە، بەگوێرەی ئەو بڕیارە كە فەرمانی جێبەجێكردنی 13303 دەناسرێت، داهاتی نەوتی عێراق دەچێتە بانكی فیدراڵی ئەمەریكی.
ئەمڕۆ دووشەم 29ی حوزەیران، كەناڵی وەن نیوزی عێراقی بڵاوی كردووەتەوە، دۆناڵد ترەمپ فەرمانی جێبەجێكردنی 13303ی ئەمەریكی درێژ كردووەتەوە، بەگوێرەی ئەو بڕیارە داهاتی نەوتی عێراق هەر لە ژێر دەسەڵاتی بانكی یەدەگی فیدراڵی ئەمەریكی دەمێنێتەوە كە بارەگاكەی لە نیویۆركە.
ئاماژە بۆ ئەوەیش كراوە كە ترەمپ نامەیەكی بۆ كۆنگرێسی ئەمەریكا نووسیوە و تێیدا دەڵێ، "هێشتا كێشە لە بەردەم ئاوەدانكردنەوەی عێراق و پێشخستنی دامەزراوە سیاسی و كارگێڕی و ئابوورییەكان هەیە، ئەمەیش هەڕەشەیەكی نائاساییە بۆ ئاسایشی نەتەوەیی و سیاسەتی دەرەوەی ئەمەریكا".
فەرمانی جێبەجێكردنی 13303 لە ساڵی 2003 دوای رووخانی رژێمی بەعس لە عێراق دەرچووە، بڕیارەكە بە پاساوی ئاوەدانكردنەوەی عێراق و پاراستنی داهاتەكەی دراوە.