عەلی زەیدی: بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بڕیارێكە و لێی پاشگەز نابمەوە

:: PM:02:29:29/06/2026 ‌
عەلی زەیدی لە یەكەم دیمانەی دوای گرتنی بەرپرسەكان:
مووچە بە رێكوپێكی دابین كراوە
نابێت گەندەڵی و چەكی میلیشیا لە عێراق هەبن
مووچەی حكوومەتم نییە و خۆم كاندید ناكەم و حزب دانامەزرێنم
پێشتر دوو جاری تر داوام لێ كراوە ببمە سەرۆك وەزیران
یەك جار بە تەلەفۆن قسەم لەگەڵ ترەمپ كردووە
بڕیار لەو دیو سنوور وەرناگرم جا لە رۆژهەڵات بێت یان لە رۆژئاوا
ئەو شەوی گەندەڵكارانم گرت 24 سەعات نەخەوتم
دوای ئەمەریكا، سەردانی توركیا و ئێران و سعوودیە دەكەم

عەلی زەیدی لە دیمانەیەكی لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەوسەت دووپاتی دەكاتەوە، "لە عێراق جێگەی میلیشیا و گەندەڵی نابێتەوە" دەشڵێ‌ ، "بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بڕیارێكە و لێی پاشگەز نابمەوە". زەیدی لە دیمانەكەدا ئاشكرای دەكات، پێشتر دوو جاری تر داوای لێ كراوە ببێتە سەرۆك وەزیران، بەڵام قبووڵی نەكردووە و دووپاتیشی دەكاتەوە تا ئێستە هیچ مووچەیەكی وەرنەگرتووە و وەریناگرێت.

ئەمڕۆ دووشەم 29ی حوزەیران، غەسان شربل رۆژنامەنووسی بەناوبانگ، دیمانەیەكی لەگەڵ عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق كردووە و لە رۆژنامەی شەرق ئەوسەت بڵاو كراوەتەوە. ئەو دیمانەیەی زەیدی چەند سەعاتێك دوای ئەنجامدانی هەڵمەتی گرتنی بەرپرسانی گەندەڵ بووە كە بەرەبەیانی دوێنێ‌ لە بەغدا و هەندێك شاری تر تەواو كرا. زەیدی لە سەرەتای دیمانەكەدا باسی لەوە كردووە لە كاتی بەڕێوەچوونی ئۆپراسیۆنی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی،  24 سەعات نەخەوتووە.

لە سەرەتای دیمانەكەیدا عەلی زەیدی باس لەوە دەكات، 23ی ساڵی سەرەتا لە 1980 وە تا 2003 پارەی عێراق هەموو لە شەڕ خەرج كراوە، 23ی ساڵی دووەمیش واتە لە 2003 تا 2026 سامانی عێراق بە دزی و تاڵانی براوە. دووپاتیشی دەكاتەوە لە قۆناغی دووەمدا باوەڕێكی هەڵە دروست بووە بۆ چینێك كە دەبێت دزی و تاڵانی بكەن.

لەبارەی كاندیدبوونی زەیدی باس لەوە دەكات، پێشتر دوو جاری تر داوای لێ كراوە، بەڵام قبووڵی نەكردووە ببێتە سەرۆك وەزیران. هەروەها باسی ئەوەیش دەكات بڕیاری داوە هیچ مووچەیەك لە عێراق وەرنەگرێت و هیچ دیارییەكیش وەرنەگرێت، تەنانەت ئەگەر بۆینباخێكیش بێت. هەر لەسەر هەمان بابەت باس لەوە دەكات، هیچ حزبێكی نابێت و خۆیشی كاندید ناكاتەوە. دەشڵێ‌، "لە باوكم فێر بووم رقم لە ستەم بێت و لە خوا بترسم".

زەیدی باس لە پێوەندییەكانی عێراق بە وڵاتانی تر دەكات و دەڵێ‌، "لەو دیو سنوور بڕیار وەرناگرم، نە لە رۆژهەڵات نە لە رۆژئاوا". لەبارەی پێوەندیش لەگەڵ ئەمەریكا دەڵێ‌، "تۆم باراك هیچ داوایەكی لە من نەكردووە و یەك جاریش قسەم لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا كردووە".

بۆ پرسی چەكدانانی میلیشیاكانیش دەڵێ‌، "دەبێت جێبەجێ بكرێت، تا كۆتایی ساڵ نابێت گەندەڵی و چەكی نایاسایی لە عێراق هەبێت". لەسەر مووچەی فەرمانبەرانیش دەڵێ‌، "مووچە بە رێكوپێكی دابین كراوە، لە سەرەتای حكوومەتەكەی من قەرزی حكوومەت 208 ترلیۆن دینار قەرزار بووین".
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل