بەرەبەیانی دوێنێ یەكشەم هێزە تەناهییەكانی عێراق هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنی ژمارەیەك تۆمەتباری گەندەڵییان لە بەغدا و چەند پارێزگایەك دەست پێ كرد، ژمارەیەك لە سیاسەتوان و پەرلەمانتارانی ئێستە و پێشوو و كارساز گیران و هەندێكیان هەڵاتوون، دوێنێ دادوەری لێكۆڵینەوەی دادگای تاوانی گەندەڵی ئاماژەی بۆ چەند وردەكارییەك كرد، توێژەرێكی سیاسی لەسەر قسەكانی ئەو دادوەرە ئاماژە بۆ دیوێكی مەترسیداری هەڵمەتەكە دەكات.
د. ئیحسان شمەری توێژەر و شرۆڤەكاری سیاسی، سەرۆكی ناوەندی بیركردنەوەی سیاسییانە لە پۆستێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان نووسیویەتی، دادوەری لێكۆڵینەوەی دادگای ناوەندیی تاوانەكانی نەهێشتنی گەندەڵی، ئاماژەی بۆ دۆسیەیەكی مەترسیداری سیاسی كرد، ئەویش سوودوەرگرتنە لە سەرچاوەكانی دەوڵەت و بە پاڵپشتیی كەسانی دەسترۆیشتوو لە حكوومەتی پێشوو.
روونی كردەوەن ئەو كارە بووەتە هۆی گۆڕانكاری لە هەڵبژاردن، كە ئەوەش پێویست بە جۆرێكی تری لێكۆڵینەوە دەكات، چونكە رەنگە ببێتە هۆی شێوانی هاوسەنگیی هێزە سیاسییەكان، واتە گۆڕانكاری لە ئەنجامی هەڵبژاردن و سەنگ و قورسایی هێزە سیاسییەكان.
دوێنێ یەكشەم دادوەر زیا جەعفەر دادوەری لێكۆڵینەوە لە دادگای ناوەندیی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لەبارەی هەڵمەتی گرتنی تۆمەتباران بە گەندەڵی گوتی، ئەو بابەتە لە تشرینی یەكەمی 2025 دەستی پێ كرد، دوای ئەوەی دادگاكە زانیاری لەبارەی خەرجكردنی ژمارەیەك كاندید بۆ بڕە پارەیەكی زۆر لە هەڵمەتی هەڵبژاردنیان بەدەست گەیشت، بە سوودبینین لە داهاتی دەوڵەت و بە پاڵپشتیی چەند كەسایەتییەكی دەسترۆیشتوو لە حكوومەتی پێشوو.