سبەی دانوستانی ناراستەوخۆ لە نێوان ئێران و ئەمەریكا لە دۆحە بەڕێوە دەچێت

:: PM:04:39:30/06/2026 ‌

بڕیار بوو ئەمڕۆ سێشەم لە دۆحەی پایەتەختی قەتەر گەڕێكی تری دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا بەڕێوە بچێت، شاندی باڵای دانوستانكاری ئەمەریكا لە قەتەرە، بابەتی دانوستانەكانیش دیاری كرابوون، بەڵام نەكرا، چەند سەرچاوەیەك دووپاتیان كردەوە كە ئەمڕۆ هەردوو شاند لە دۆحە لەگەڵ قەتەری و پاكستانییەكان كۆ دەبنەوە و سبەی ناراستەوخۆ دەست بە دانوستان دەكەن.

بەپێی سەرچاوەكان بڕیارە ئەمڕۆ لە دۆحە هەردوو شاندی ئێران و ئەمەریكا چاویان بە سەرۆك وەزیرانی قەتەر و شاندی پاكستان وەك دوو ناوەندگیر بكەوێت، بۆیە ئەمڕۆ هیچ دانوستانێكی راستەوخۆیان نابێت، بەڵكو سبەی چوارشەم دانوستانێكی ناراستەوخۆ لە نێوان شاندی هەردوو وڵات بە بەشداریكردنی ناوەندگیرانی قەتەر و پاكستان بەڕێوە دەچێت.

ئەمە و بڕیارە دانوستانەكانی سبەی چوارشەم باسی گەرووی هورمز و سەقامگیریی ناوچەكە بێت، هەر بەپێی سەرچاوەكان بڕیارە لە كۆتایی ئەم هەفتەیە ئێران بڕی سێ ملیار دۆلاری لە پارە بلۆككراوەكانی بەپێی رێككەوتنی ئاڵوگۆڕكردنی زیندانیان لە 2023 رادەست بكرێت، ئەوە لەوكاتەی پێشتر ماجید ئەنساری گوتەبێژ بەناوی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دووپاتی كردوە كە پارە بلۆككراوەكانی ئێران لە قەتەر كە شەش ملیار دۆلارە، بۆ ئێران حەواڵە نەكراوە و تا ئێستە وابەستەی جێبەجێكردنی رێككەوتنی رێككەوتنی 2023 كراوە و تایبەت كراوە بە كڕینی پێویستییە مرۆییەكان.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل