"هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی وای كرد هێزە سیاسییەكان بەخۆیاندا بچنەوە"

:: PM:06:41:30/06/2026 ‌

بەرەبەیانی یەكشەمی رابردوو هەڵمەتێكی فرەوانی هێزە تەناهییەكانی عێراق بۆ گرتنی ژمارەیەك تۆمەتبار بە گەندەڵی لە بەغدا و چەند پارێزگایەكی عێراق دەستی پێ كرد و ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتار و كارساز گیران، دەست بەسەر بڕێكی زۆری پارە و موڵكوماڵ و زێڕ و چەكیش گیرا، هەڵمەتەكە لەسەر بنەمای ددانپێدانانەكانی عەدنان جومەیلی بریكاری گیراوی وەزارەتی نەوت هات، سیاسەتوانێك پێی وایە لە دوای هەڵمەتە زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان بەخۆیاندا چوونەتەوە.

ئەگەرچی شارەزایان پێیان وایە هەڵمەتە تا ئێستە زیاتر ژمارەیەك سیاسەتوانی سوننە و پەرلەمانتاری سەر بە هاوپەیمانی ئیعمار و تەنمییەی محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی پێشووی گرتووەتەوە، سیاستەوانێكی نزیك لە حكوومەتی عێراق ئاماژە دەكات كە كاریگەریی هەڵمەتەكە تەنیا راوەدوونانی تۆمەتباران نەبووە، بەڵكو وای كردووە زۆرێك لە هێزە سیاسییەكان لە مامەڵەكردن لەگەڵ دۆسییەكانی گەندەڵیدا بەخۆیاندا بچنەوە، ئەوەش وای ئەوەی ئەو دۆسیە بە شێوەیەكی زۆر زەق كەوتە ژێر چاودێریی رای گشتی.

روونی كردەوە، ئێستە حزبە عێراقییەكان وریاتر مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسیانەدا دەكەن، بۆیەش زۆرینەیان پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەڵمەتەكەی حكوومەت راگەیاند یان بێدەنگیان هەڵبژارد و چاوەڕوان دەكەن، ئەوەش لە بری رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ هەوڵەكانی حكوومەت لەو دۆسیە كە پاڵپشتییەكی فرەوانی جەماوەری هەیە و ئەو دۆخەش هەلێكی دەگمەنی بە حكوومەت دا بۆ جووڵانەوەی سیاسی و دادوەرییانە بێ بوونی بەرهەڵستیی راگەیەندراو كە لە دۆسییەكانی تر هەبوو.      



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل