لە دوای وەرگرتنی متمانە لە پەرلەمان، حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق دەستی بۆ دوو دۆسیەی گرنگ بردووە، داماڵینی چەكی میلیشیاكان و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، بڕیارە لە 30 ئەیلوولی داهاتوو وادەی رادەستكردنی چەك لە لایەن میلیشیاكان كۆتایی بێت، كە هاوكاتە لەگەڵ پاشەكشەی سەربازیی هاوپەیمانان لە عێراق، سیاسەتوانێك ئەو دوو هەڵمەتە بەیەكەوە دەبەستێتەوە و بە چارەنووسازی بۆ زەیدی لە قەڵەم دەدات.
میسال ئالووسی سیاسەتوانی دێرینی عێراق وای دەبینێت كە دیاریكردنی 30 ئەیلوول لە لایەن حكوومەت بۆ رادەستكردنی چەكی میلیشیاكان حیسابێكی وردی سیاسی تیادایە، چەند پەیامێكی هاوكاتی هەڵگرتووە، بە ئاراستەی رای گشتی لە عێراق و هێزە سیاسییەكان و میلیشیا چەكدارەكان و ئێران و وڵاتانی تا ئێستە پاڵپشتی لە چەكی نایاسایی لە عێراق دەكەن.
روونی كردەوەن حكوومەت ویستی لەو رێگەیەوە پابەندی خۆی بەرانبەر بە ئەمەریكا بچەسپێنێت، دۆخێكی دروست كردووە كە ئاماژەی بۆ سەرۆكی ئەمەریكا تیادایە بەوەی پاڵپشتیكردنی حكوومەتی عێراق ئەنجامی باشی دەبێت، بۆیە تا ئەیلوولی داهاتوو بەغدا كات بەپارە دەكڕێت كە تاقیكردنەوەیەكی راستەقینە دەست پێ دەكات، زۆرینەی میلیشیاكان بە هێزە سیاسییەكان و سوپای پاسدارانی ئێرانییەوە وابەستەن، ئەوەش وای كردووە وادەی ئەیلوول بۆ ئەوان دووڕیان بێت، ئەگەر چەكەكانیان رادەست نەكەن، حكوومەت لە بری رووبەڕووبوونەوەی سەربازی پەنا بۆ چەكێكی تر دەبات، ئەویش هەڵدانەوەی دۆسیەكانی گەندەڵییە.
ئالووسی پێی وایە زۆرینەی ئەو میلیشیایانە لە گەندەڵی تێوەگلاون، بۆیە رەتكردنەوەی بڕیارەكانی دەوڵەت، هەلێك دەداتە سەرۆك وەزیران بۆ جووڵاندنی دۆسیەكانی گەندەڵی لە دژی ئەوان و لە بری رووبەڕووبوونەوەی سیاسی، دەبێتە شەڕی یاسایی و دادگا و سەركردەی میلیشیاكان دەكەونە بەردەم ئابڕووچوونێكی نیشتمانی و سیاسی كە بە زەحمەت بۆیان دادەپۆشرێت.
ئەو سیاسەتوانە دووپاتی كردەوە كە ئێستە عەلی زەیدی شەڕی مان و نەمان دەكات، چونكە سەركەوتنی لە سەپاندنی بڕیاری دەوڵەت واتە چەسپاندنی دەسەڵاتی خۆی و هەر شكستهێنانێكیش واتە رووخانی پڕۆژەی حكوومەتەكەی، بۆیە ئەو لە بەرانبەر دوو بژارەدا وەستاوە، سەركەوتن یان خۆكوشتنی سیاسی.