ئیحسان شەمەری توێژەری سیاسی و مامۆستای زانكۆ لە وتارێكدا دەڵێ، "ئەوەی ئەم هەفتەیە لە بەغدا بەڕێوەچوو، كودەتایەكی نەرم بوو و ئەگەر گرتن و رێكارییە یاساییەكان بەرەو ریزی یەكەم سەربكێشێ، ئەوا عێراق بەرەو هەڵوەشاندنەوەی ئەو سیستمە سیاسییە دەچێت كە لەسەر بنەمای بەشبەشێنە دامەزراوە".
ئەمڕۆ پێنجشەم دووی تەمووز، ئیحسان شەمەری لە وتارێكدا كە لە رۆژنامەی نەهاری لبنانی بڵاوی كردووەتەوە، هەڵمەتی حكوومەتی زەیدی بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە "كودەتای نەرم" ناو دەبات. شەمەری لە وتارەكەیدا دەڵێ، "دەنگی زنجیری تانكەكان لە بەغدا بۆ دەیان ساڵ پێوەست بووە بە كودەتای سەربازی و راگەیاندنی جەنگ و گواستنەوەی دەسەڵات بە هێز، بەڵام ئەم جارە تانكەكان بەرەو كۆشكەكان نەچوون تا دەسەڵات بڕووخێنن، بەڵكو بەرەو مۆڵگەكانی گەندەڵی رۆیشتن، ئەو مۆڵگانەی كە دەوڵەتی شەكەت كردووە و دەستی بەسەر تواناكانیدا گرتووە".
شەمەری باسی لەوە كردووە، بۆ یەكەمجارە لە دوای 2003 بەم شێوەیە دەسەڵاتی جێبەجێكردن و دەسەڵاتی دادوەری و دەزگاكانی چاودێری ئاستێكی بەرزی هاوئاهەنگی بنوێنن، لەگەڵ ئەوەیشدا عێراق لەو هەڵمەتەدا سوودی لە پشتیوانی ئەمەریكا بینیوە لە رووی سیاسییەوە، چونكە ئەمەریكا پێی وایە دەبێت گەندەڵی لە عێراقدا لەناو ببرێت، چونكە گەندەڵی یەكێكە لە ئامرازەكانی سەپاندنی هەژموونی ئێران لە دامەزراوەكانی دەوڵەتدا.
وێڕای ئەوەی چەندان جار ئیحسان شەمەری دووپاتی كردووەتەوە، ئەوەی رووی داوە كودەتا نەبووە بۆ رووخانی رژێمێك لە عێراق، بەڵام ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات ئەگەر رێكارییە یاساییەكان بەرەو ریزی یەكەمی سیاسەتمەدارە عێراقییەكان بچن، ئەوا بەرەو هەڵوەشاندنەوەی بەشبەشێنی سیاسی دەچێت كە دەسەڵاتی سیاسی عێراقی لەسەر دامەزراوە.
شەمەری دەڵێ، "لێرەوە دەتوانین ئەوەی رووی دا بە كودەتای نەرم وەسف بكرێت، بەسەر ئەو سیستمی سازانی كە دەوڵەتی عێراق لە 20 ساڵی رابردوودا بەڕێوە بردووە، بەڵام پشت بە هێز نابەستێت بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی سیاسی، بەڵكو ئامرازەكانی دەوڵەت خۆی بەكار دەهێنی، بە دادوەری و یاسا و دامەزراوە تەناهییەكان تا جارێكی تر شكۆ بۆ دەوڵەت بگەڕێتەوە و هەمووان ملكەچی دەسەڵاتی دامەزراوەكان بكرێن".
لەو روانگەیەوە بە بڕوای ئیسحان شەمەری ناكرێت وا سەیری رووداوەكانی 28ی حوزەیران بكرێت گوایە هەڵمەتێكی گرتن بووە، بەڵكو ساتێكی مێژوویی نوێیە، شەمەر لە كۆتایی وتارەكەی دەڵێ، "عێراقییەكان لەوە راهاتوون دەنگی زنجیرەی تانكەكان ئاگادارییەك بێت بۆ كودەتای سەربازی و هەڵگیرسانی جەنگی نوێ، كەچی تانكەكانی بەرەبەیانی 28ی حوزەران، پەیامی جیاوازی هەبوو، بۆ خستنی دەسەڵات نەجووڵان، بەڵكو هەوڵێك بوو بۆ خستنی سیستمی گەندەڵی، ئەگەریش بەم شێوەیە بەردەوام بێت، ئەوا عێراقییەكان یادی ئەو بەرەبەیانە دەكەنەوە وەك ساتێك دەوڵەت شكۆی خۆی گێڕاوەتەوە، نەك تەنیا رۆژێك بێت هەڵمەتی گرتنی تێدا كرابێت".