دوای گرتنی موسەنا سامەرایی سەرۆكی هاوپەیمانی عەزم، چارەنووسی هاوپەیمانییەكە دیار نییە، سێ سیناریۆ چاوەڕێی دەكەن، بۆیە هاوپەیمانییەكە دەستی بە دانوستاندن كردووە لەگەڵ لایەنەكانی تر.
بەرەبەیانی رۆژی یەكشەمی رابردوو لە بەغدا دەست بە هەڵمەتێك كرا بۆ گرتنی ئەو كەسانەی لە كەیسەكانی گەندەڵی تۆمەتبار دەكرێن. یەكێك لە گیراوەكان موسەنا سامەرایی بوو. وەك میدیای عێراقی تێبینی كردووە سامەرایی جیاوازی لەگەڵ گیراوەكانی تر هەیە، چونكە سەرۆكایەتیی بەهێزترین هاوپەیمانی سوننە دەكات ئەویش هاوپەیمانی عەزمە و 19 پەرلەمانتاری هەیە.
بەگوێرەی لێكدانەوەی چاودێرانی سیاسی، سێ سیناریۆ لە بەردەم هاوپەیمانی عەزمە، یەكەمیان ئەوەیە عەزم بێ سامەرایی بەردەوام بێت و شایستەكانی خۆی لە پۆستەكان وەربگرێت. دووەم سیناریۆ هەڵوەشانەوەیەتی، لەم حاڵەتەشدا پشكەكانی بە بڕیاری ئەنجوومەنی سیاسیی سوننە بەسەر لایەنەكان دابەش دەكرێت.
سیناریۆی سێیەمیش ئەوەیە بە رێككەوتن سامەرایی ئازاد بكرێت، چونكە ئەمڕۆ پێنجشەم دووی تەمووز وا بڵاو كرایەوە كە حكوومەتی زەیدی، مامەڵەی ئەوەی لەگەڵ بەرپرسە گیراوەكان كردووە، ئەگەر پارەی دزراو بگێڕنەوە ئەوا ئازاد دەكرێن.