بەهۆی تەقینەوەیەك لە دیمەشق پێنج كەس كوژران

:: PM:04:34:02/07/2026 ‌

بەپێی بەرپرسانی سووریا ئەمڕۆ پێنجشەم لە ئەنجامی تەقینەوەیەك لە قاوەخانەیەك لە نزیك كۆشكی داد لە شەقامێكی دیمەشقی پایەتەختی سووریا پێنج كەس كوژران و 16ی تریش بریندار بوون.

بەپێی میدیاكانی سووریا تەقینەوەكە لە قاوەخانەیەك لە شەقامی نەسر رووی داوە و دۆخی تەندروستیی ژمارەیەك لە بریندارەكان سەختە، جیا لە زیانی گیانی، زیانی مایەكیش هەیە، ئەو قاوەخانە نزیكە لە كۆشكی داد و پارێزەر و هاووڵاتییان سەردانی دەكەن، شوێنەكە لە لایەن هێزە تەناهییەكانەوە گەمارۆ دراوە، تەلەڤزیۆنی سووریا ئاماژە بۆ تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراو لە قاوەخانەكە دەكات. 

شایەنی باسە دوایین تەقینەوە لە دیمەشق لە 19ی ئایاری رابردوو بوو، كاتێك ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو و بۆمێكی چێنراو لە ناوچەی باب شەرقی تەقینەوە و بەو هۆیەوە سەربازێك كوژرا و 18 كەسی تر بریندار بوون، لە نیسانی رابردووش بۆمبێكی چێنراو لەناو ئۆتۆمبێلێك لە گەڕەكی مزە لە دیمەشق تەقییەوە، بەڵام زیانی نەبوو. 




وشە - مه‌حموود ئیسماعیل