دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەم گەڕێكی دانوستانە ناراستەوخۆكانی ئێران و ئەمەریكا لە دۆحەی پایەتەختی قەتەر بەڕێوە چوو و شاندە تەكنیكییەكان گەیشتنە رێككەوتنێكی سەرەتایی لەبارەی پارە بلۆككراوەكانی ئێران، چەند سەرچاوەیەك ئاماژە دەكەن كە بڕیارە لە 18ی ئەم مانگە گەڕێكی تری دانوستانەكان بەڕێوە بچن.
بەپێی سەرچاوەكان ئەمەریكا پەیامی روونی بە ئێران داوە بەوەی گۆڕانكاری لە دۆخی ئێستەی گەرووی هورمز رەت دەكاتەوە، هەڵسوكەوتی ئێران لە گەرووی هورمز بە تاقیكردنەوە بۆ پابەندبوونی بە رێككەوتن و یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراو لە مانگی رابردوو دادەنێت، بۆیە هەر گۆڕانكارییەك لە گەرووەكە، پێشێلكارییەكی زەقە بۆ یاداشتەكە، واشنتن لە نزیكەوە چاودێریی جموجۆڵەكانی ئێران لە گەرووی هورمز دەكات و هەر پەرەسەندنێك كاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئاراستەی دانوستانەكان دەبێت.
هەر بەپێی سەرچاوەكان تاران رای گەیاندووە كە پێشوەچوون لە دۆسیەی ئازادكردنی پارە بلۆككراوەكانی، وابەستەی پابەندبوونی بە بڕگەكانی یاداشتی لێكگەیشتنی واژووكراو و هەڵسوكەوتی لە ناوچەكە و گەرووی هورمز دەبێت، سەرچاوەیەكی باڵاش ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە گەڕی داهاتووی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكا لە 18ی ئەم مانگە دێتە سازكردن.