پەرلەمانتارێك: بەهەدەردانێكی زۆر لە پڕۆژەكانی عێراق هەیە

:: PM:06:10:02/07/2026 ‌

حكوومەتی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیرانی عێراق لە دوای دەستبەكاربوونی دەستی بە هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنی تۆمەتباران بە گەندەڵی كردووە، تا ئێستە ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتار گیراون و دەستیش بەسەر بڕێكی زۆر پارەدا گیراوە، پەرلەمانتارێك ئاماژە دەكات كە چەندان كۆمپانیا هەن ناویان لە لیستی رەشدایە و پارەیەكی زۆر لە پڕۆژەكان بەهەدەر دەدرێت.  

موختار مووسەوی پەرلەمانتار ئاماژە دەكات كەرتی ئاوەدانكردنەوە و بنیاتنان لە عێراق پێویستیی بە هەڵوەستەكردنێكی رژدی حكوومەت و چاوخشاندنەوە بە پێدانی پڕۆژەكان بە كۆمپانیاكانەوە هەیە، پێویستییان بە تاوتوێكردن و لێكۆڵینەوەیەكی تەواو هەیە، جیا لە لێوردبوونەوە لەو كۆمپانیایانەی پڕۆژەكان جێبەجێ دەكەن، كە بەشێكیان بەهۆی پێشێلكاریی ئیداری و تەكنیكی و داراییەوە ناویان لە لیستی رەشدایە.

روونی كردەوەن چەندان پڕۆژە لە دوای تەواوبوونیان بە ماوەیەكی كەم كێشە و كەموكوڕیی تەكنیكی و ئەندازەییان لسەر بەدیار دەكەوێت، ئەوە سەرەڕای خەرجكردنی پارەیەكی زۆر لە جێبەجێكردنیان، بۆیە ئێستە چەندان پڕۆژە لە دەستەی دەستپاكیی لێكۆڵینەوەی لێ دەكرێت، بۆیە لاوازیی چاودێری و بوونی كێشە و كەموكوڕی لە دیزاین و مادە بەكارهاتووەكان و نەبوونی رژدی لای هەندێك لە كۆمپانیاكان لە كارەكانیان، بووەتە هۆی خراپیی كوالێتی و پێویستە رێوشوێنی توندیان بەرانبەر وەربگیرێت و ئەوان بخرێنە لیستی رەشەوە و لێپرسینەوەیان لەگەڵدا بكرێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل