عێراق.. لیستی ناوی هەزار تۆمەتبار بە گەندەڵی مشتومڕی دروست كردووە

:: PM:06:47:02/07/2026 ‌

هاوكات لەگەڵ دەست پێكردنی هەڵمەتێكی فرەوانی دەزگا تەناهییەكانی عێراق و بەر لەوەش، ژمارەیەك شارەزا و شرۆڤەكاری سیاسی باسی بوونی لیستێكی هەزار كەسیان بە ناوی تۆمەتبارانی گەندەڵی دەكرد، كە حكوومەتی عەلی زەیدی كار لەسەر گرتن و دادگاییكردنیان بە تۆمەتی گەندەڵی دەكات، ئەوەش لە ناوەندە سیاسی و میدیاییەكان و تەنانەت لە شەقامیش كاردانەوە و مشتومڕی زۆری دروست كردووە.

ئێستە چوار جۆر كاردانەوەی بەرانبەر بە هەڵمەتەكەی زیدی لە عێراق هەیە، رای گشتی و شەقام پێی خۆشە و پاڵپشتی لە هەڵمەتەكە دەكات، شارەزایان داوای وریابوون لە گەشبینی بە تەواوكردنی هەڵمەتەكە و ئەنجامەكانی دەكەن، سیاسەتوانان و هێزە سیاسییەكان لەوانەی تێوەی گلاون و گومانیان لەسەرە بە وریاییەوە پاڵپشتی لە هەڵمەتەكە دەردەبڕن، واتە تا ئەوكاتەی لەوان بەدوورە، چوارەم ئەو گوشار و هەوڵانەی بۆ وەستانی هەڵمەتەكە و شكستپێهێنانی دەدرێت، بۆ ئەوەی سنووردار بێت و دۆسیەكان بێنە داخستن. 

بەپێی سەرچاوەكان بابەتی بەدواداچوون و گەڕاندنەوەی پارە دزراوەكان تەنیا لە ناوخۆی عێراق نییە و نابێت، بەڵكو دەرەوەش دەگرێتەوە، نزار حەیدەر توێژەری سیاسی ئاماژە دەكات كە هەڵمەتەكە پەرەسەندنێكی گرنگە لە كاروانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق و تا ئاستێك متمانەی بە رژدیی حكوومەت لەو دۆسیە گەڕاندووەتەوە. 

روونی كردەوە، نابێت هەڵمەتەكە لە ئاستی تۆمەتبارە بچووكەكان بوەستێت و دەبێت سەرە گەورەكانیش بگرێتەوە، لیستی هەزار ناوی تۆمەتبار كە تۆم باراك نێردراوی تایبەتی ئەمەریكا رادەستی عێراقی كردووە، چەندان كەسایەتی دیاری سیاسی تیادایە لەوانە سەرۆك وەزیرانی پێشوو و وەزیر و پەرلەمانتار و دادوەر و میدیاكار، لەوانەی گومانی تێوەگلانیان لە گەندەڵی لێ دەكرێت یان رۆڵیان لە پەردەپۆشكردنی یان بانگەشە بۆ كردنی هەبووە.

دوای چوار رۆژ لە دەست پێكردنی هەڵمەتنی گرتنی تێوەگلاوان، هیچ پرۆسەیەكی گرتنی نوێ تۆمار نەكراوە، لەوكاتەی چاوەكان لەسەر ئەنجامی لێكۆڵینەوەكانن، ئاخۆ ناوی تری تێوەگلاو ئاشكرا دەكەن و دۆسیەی تری گەندەڵی لە داهاتوو دەكەنەوە، لەناو چاوەڕوانییەكی زۆری سیاسی و جەماوەریدا. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل