بڕیارە لە ماوەی چەند رۆژی داهاتوو رێوڕەسمی فەرمیی بەخاكسپاردنی عەلی حامنەیی رابەری باڵای پێشووی ئێران لە ئێران و عێراق بێتە سازكردن، كە لە هێرشێكی ئاسمانیی لە 28ی شوباتی رابردوو هاتە كوشتن، بڕیارە رێوڕسمەكان لە تاران و قوم و نەجەف و كەربەلا بەڕێوە بچن، بەر لە ناشتنی تەرمەكەی لە شاری مەشهەد، تەرمەكە لە 8ی ئەم مانگە دەگاتە عێراق، بەڵام هێنانی بۆ عێراق مانای چییە و بۆ چییە؟
رەمەزان بەدران چاودێری سیاسی پێی وایە دیاریكردنی عێراق بۆ رێوڕەسمی بەخاكسپاردنی رابەری باڵای ئێران، بژارەیەكی تەواو سیاسییە و لە دۆخێكی زۆر هەستیاردا دێت و پەیامێكە بۆ ئەمەریكا، ئێران حزبوڵای لبنانی بە هاوپەیمان راگەیاندووە، بەڵام گرووپەكانی عێراق نا، بۆیە هێنانی تەرمەكەی بۆ عێراق بۆ پێشاندانی ئەوەیە كە لە عێراق هاوپەیمان و دۆستی هەیە، بەتایبەتی كە بڕیارە خەڵك و سیاسەتوانێكی زۆر بەشداری لە رێوڕەسمەكەدا بكەن.
روونی كردەوە، ئەگەری هەیە خەڵكێكی زۆر بەشداری لە رێوڕەسمەكە بكەن، بگاتە زیاتر لە پێنج ملیۆن، ئەوەش پەیامێكە بۆ ئەمەریكا و ناوچەكە و دەسەڵات و هاوپەیمانەكانی لە عێراق بیری ئەوان دەخاتەوە و عێراقیش ناچار دەكات پاڵپشتی و لاگیری و دەسەڵاتی ئێران لە ناو خاكەكەی پێشان بدات، بۆیە ئەو رووداوە ئاسایی نییە و رەنگە كاردانەوەی راستەوخۆی ئەمەریكا لێ نەكەوێتەوە، بەڵام ئاماژە بۆ قەبارەی دەسەڵاتی راستەقینەی هەردوو وڵات لە عێراق دەكات، بەتایبەتی كە بەر لە هەفتەیەك لە سەردانی چاوەڕوانكراوی عەلی زەیدی سەرۆك وەزیران بۆ واشنتن دێت و وێنەیەك لەبارەی قەبارەی كاریگەریی ئێران لەناو عێراق پێشان دەدات.