هاوكات لەگەڵ بەڕێوەچوونی دانوستانەكانی ئێران و ئەمەریكان شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئێران دەستی دەستی دەكات و كات دەكوژێت، بەتایبەتی لە گەیشتن بە رێككەوتنێكی نوێ سەبارەت بە دۆسیە ئەتۆمییەكەی، نوێنەری ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش دووپاتی دەكاتەوە كە ئارامیی سەرۆك ترەمپ بەرانبەر بە ئێران درێژخایەن نابێت.
مایك واڵتز نوێنەری ئەمەریكا لە ئەنجوومەنی ئاسایش داوای لە تاران كرد بۆ گەڕانەوە بۆ دانوستان و ئاشتی و وەستانی هێرشەكانی و كردنەوەی گەرووی هورمز لەبەردەم هەمووان، دووپاتی كردەوە كە سەرەڕای یاداشتی لێكگەیشتن، ئێران لە هێرشكردنە سەر كەشتییەكان و بەحرێن و كوێت بەردەوامە، ئەوەش كاری كردووەتە سەر تەواوی دنیا.
روونی كردەوە، ئارامیی سەرۆك ترەمپ بەرانبەر بە ئێران خەریكە كۆتایی دێت و وریایی لە هەڵسوكەوتەكانی ئێران دا بۆ شێوانی سەقامگیری لە ناوچەكە، واڵتز لە دانیشتنێكی ئەنجوومەنی ئاسایش دووپاتی كردەوە، ئێران رێز لە بەڵێننامەی نەتەوە یەكگرتووەكان ناگرێت و رووبەڕووی هەوڵە دیپلۆماسییەكان لە رێگەی بەردەوامیدان بە هێرشەكانی دەبێتەوە.
واڵتز ئاماژەی كرد، ناكرێ بەرانبەر بە هێرشەكانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی كەنداو بێدەنگ بین، رێگەشی پێ نادەین ئابووریی دنیا بكاتە بارمەتە و پێویستە گەرووی هورمز بێ سەپاندنی هیچ رسووماتێك كراوە بمێنێتەوە، داخستنی رێڕەوە ئاوییەكان و هێرشكردنە سەر كەشتییەكان بەرگریكردن نییە لە خۆی.