بەرەبەیانی یەكشەمی رابردوو هەڵمەتێكی فرەوانی گرتنی تۆمەتبارانی تێوەگلاو لە چەند دۆسیەیەكی گەندەڵی لە بەغدا و چەند پارێزگایەكی عێراق گیران، كە ژمارەیەك سیاسەتوان و پەرلەمانتاریان تیادا بوو، ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق داوای هەڵدانەوەی ژمارەیەك دۆسیەی تری گەندەڵی كرد.
بەپێی بەیاننامەیەكی پەرلەمانی عێراق، داوای هەڵدانەوەی ژمارەیەك دۆسیەی تری گەندەڵی كراوە، لەوانە دزی سەتە و گەندەڵییەكانی كەرتەكانی كارەبا و وەبەرهێنان و ئاوەدانكردنەوە و تەندروستی و گواستنەوە و گرێبەستەكانی كڕینی چەك، هاوكات داوای بەردەوامبوونی رێوشوێنە چاودێری و یاساییەكان كرد بۆ لێپرسینەوە لە تێوەگلاوان و پاراستنی سامانی گشتیی وڵات.
بەپێی
بەیاننامەكەی پەرلەمان، یەكێك لەو دۆسیانەی داوای هەڵدانەوەی كراوە، گەندەڵییەكانی باج و گومرگە، بەتایبەتی ئەوەی بە دزی سەتە دەناسرێت، كە یەكێكە لە گەورەترین دۆسییەكانی گەندەڵی و دزی سامانی گشتی لە مێژووی عێراق، جیا لەوە دۆسییەكانی كەرتی وزە و خەرجییە زۆرەكانی لە بودجەكان بۆ گرێبەستەكانی كارەبا تەرخان كراوە و تا ئێستە دۆخی بەرهەمهێنان و دابەشكردن و سیانەی كارەبا وەك پێویست نییە.
هەروەها داوای هەڵدانەوەی چەند دۆسیەیەكی تر لە كەرتی وەبەرهێنان و پێدانی مۆڵەتەكانی وەبەرهێنانی نیشتەجێبوون و پیشەسازی و بازرگانی و فێركرن، جیا لە دۆسیەكانی ئاوەداكردن و نیشتەجێبوون و كەرتی تەندروستی و نەخۆشخانە حكوومەتی و تایبەتەكان و هێنانی دەرمان، دۆسیەكانی كەرتی گواستنەوە و بەندەرەكان و هێڵی ئاسنین و گرێبەستەكانی كڕینی چەك و ئامێرەكانی هەردوو وەزارەتی بەرگری و ناوخۆ.