ئەمڕۆ هەینی سێی تەمووزی 2026، ڕۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاوی کردەوە، ئیدارەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمەریکا لە بەهاری ڕابردوودا هەنگاوی ناوە بۆ ڕێگریکردن لە بەئامانجگرتنی عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران و محەمەد باقر قالیباف سەرۆکی پەرلەمانی ئەو وڵاتە، ئەمەش دوای ئەوەی زانیاریی هەواڵگریی پێ گەیشتبوو کە ئیسرائیل بیر لە کوشتنیان دەکاتەوە.
ڕۆژنامەکە لە زاری چەند بەرپرسێکی ئێستە و پێشووی ئەمەریکاوە گواستوویەتیەوە، واشنتن پێی وا بووە بەئامانجگرتنی ئەو بەرپرسە ئێرانییانە کە ڕۆڵی سەرەکییان لە دانوستانەکان لەگەڵ ئەمەریکا هەبووە، دەبێتە هۆی هەرەسهێنانی ڕێڕەوی دانوستانەکان و دەستپێکردنەوەی شەڕ، ئەمەش وای کردووە لە ڕێگەی وڵاتانی ناوچەکەوە هۆشداری بنێرێتە تاران.
مەترسییەکان کاتێک زیاتر بوون کە دانوستانەکانی ئاگربەست بەشێوەیەکی ڕژد لە نیسانی ڕابردوو دەستیان پێ کرد. ئیدارەی ئەمەریکا داوای لە ئیسرائیل کردووە قالیباف نەکاتە ئامانج دوای ئەوەی زانیویەتی خراوەتە لیستی ئامانجەکانی ئیسرائیلەوە، هەروەها وڵاتانی ناوچەکەی ئاگادار کردووەتەوە کە پەیامی هۆشداری بدەنە ئێران لەبارەی ئەگەری هەوڵی کوشتنی عێراقچی و قالیباف.
واشنتن لە قۆناغەکانی سەرەتای شەڕەکەدا ئەو دوو بەرپرسە ئێرانییەی بە ئامانجی سەربازیی ئەگەرکراو داناوە، بەڵام دواتر پێی وا بووە بەئامانجگرتنیان دوای دەستپێکردنی دانوستانەکان، دەرفەتی گەیشتن بە ڕێککەوتنی سیاسی لەناو دەبات.
بەپێی ڕاپۆرتەکە، ئێران ڕێوشوێنی تەناهیی توندی گرتووەتە بەر بۆ پاراستنی شاندی دانوستانکاری، فڕۆکە جەنگییەکانی پاکستان یاوەریی ئەو فڕۆکەیان کردووە کە قالیبافی گواستووەتەوە بۆ ئیسلام ئاباد، هەروەها لە گەشتی گەڕانەوەیدا فڕۆکەکەی ناچار بووە لە شاری مەشهەد بنیشێتەوە دوای وەرگرتنی هۆشداریی تەناهی لەبارەی ئەگەری هێرشکردنە سەری.
عێراقچی و قالیباف بەردەوام بوون لە بەشداریکردن لەو گفتوگۆیانەی لە دەوحە و سویسرا بەڕێوە چوون، تا گەیشتن بە ڕێککەوتنێکی چوارچێوەیی لە نێوان ئەمەریکا و ئێران کە کردنەوەی گەرووی هورمز و دانانی چوارچێوەیەکی بۆ دانوستانەکانی دواتر لەبارەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمیی ئێران لەخۆ گرت.
لە بەرانبەردا، کەناڵی "i24NEWS"ی ئیسرائیلی لە زاری بەرپرسێکی تەناهیی ئیسرائیلەوە لە کاردانەوەی ڕاپۆرتەکەدا بڵاوی کردەوە، ئەگەر ئیسرائیل بیەوێت هەر کەسێک لەناو ببات، ئەوا دەیکات.
شەڕی نێوان ئێران و ئیسرائیل کە لە 28ی شوباتی ڕابردوو دەستی پێ کرد، جیاوازییەکی زۆری لە نێوان لەپێشینەکانی واشنتن و تەلئەبیب دروست کرد، ئەمەریکا پاڵپشتیی ڕێککەوتنی سیاسی و ئاگربەستی دەکرد، لە کاتێکدا ئیسر