ڕەغد سەدام حوسێن وەڵامی دەنگۆی بوونی "کچێکی نهێنیی" باوکی دەداتەوە

:: PM:01:53:03/07/2026 ‌
ئەمڕۆ هەینی سێی تەمووزی 2026، ڕەغد سەدام حوسێن لە پەیامێکدا دەنگۆی بوونی کچێکی نهێنیی سەدام حوسێنی باوکی لە یەمەن ڕەت کردەوە و دووپاتی کردەوە کە ئەو بانگەشانە ساختەن.

لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس" بڵاوی کردووەتەوە، ڕای گەیاندووە کە لە ماوەی ڕابردوودا چەندان چیرۆکی درۆ لەسەر زاری ژنێکەوە بڵاو کراونەتەوە کە بانگەشەی ئەوە دەکات گوایە کچی نهێنیی سەدام حوسێنە.

ڕەغد دووپاتی کردەوە کە پێشتریش ئەو درۆیانەیان ڕەت کردووەتەوە و ڕاستی بە چیرۆکی خەیاڵی و بەڵگەی ساختە نەسەلمێنرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دا کە ئەو ماڵەی ژنەکە لە یەمەن بانگەشەی خاوەندارێتی دەکات، لە ڕاستیدا موڵکی خێزانی سەبعاوی ئیبراهیمی مامیەتی.

لە بەشێکی تری پەیامەکەیدا داوای لە خەڵک کردووە وردبین بن و بڕوا بەو درۆیانە نەکەن، چونکە خێزانەکەیان هیچ کاتێک دان بە بوونی کەسوکار یان کچی نهێنیدا نانێن و ئەوە پێچەوانەی بەها و پەروەردەی ئەوانە.

جێی باسە لە چەند هەفتەی ڕابردوودا، ژنێک بە ناوی "میرا" لە گرتە ڤیدیۆییەکاندا بە شێوەزاری عێراقی قسەی کردووە و بانگەشەی ئەوەی کردووە کە کچی سەدام حوسێنە، هەروەها ڕای گەیاندووە کە لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە لە سەنعای پایتەختی یەمەن موڵکەکانی داگیر کراون و پارێزەرەکەی ڕفێنراوە.


وشە - پۆڵا مەحموود