شەرق ئەوسەت: 14 كەسایەتی سیاسی داوای لێبوردنیان لە كازمی كردووە

:: PM:06:17:03/07/2026 ‌
رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئاشكرای دەكات، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی پێشتری عێراق لە هەموو ئەو دۆسیە یاساییانەی تۆمەتبار كراوە، براوە بووە و ئەمەیش كەسانێكی ناچار كردووە داوای لێبوردنی لێ بكەن و جارێكی تر پێداچوونەوە بۆ حكوومەتەكەی بكەن. هەمان رۆژنامە پێیوایە هاوشێوەی كازمی عەلی زەیدیش رووبەڕووی هەڕەشە دەبێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی سێی تەمووز رۆژنامەی شەرق ئەوسەت ئەمیر دەعمی پارێزەری مستەفا كازمی و چەند سەرچاوەیەكی تری نزیك لە كازمی دواندووە و باسی ئەوەیان كردووە، كازمی كۆمەڵێك داوای یاسایی لەسەر بووە بە گەندەڵی و خراپ بەكارهێنانی دەسەڵات تۆمەتبار كراوە. لەو هەڵمەتەیش كۆمەڵێك كەسایەتی سیاسی و رۆژنامەنووس بەشدار بوون، كەچی نەیانتوانیوە لە هیچ یەكێك لە دۆسیەكە تۆمەتەكانیان بسەلمێنن.

كەسێكی نزیك لە كازمی گوتویەتی، "تا ئێستە 14 كەسایەتی داوای لێبوردنیان لە كازمی كردووە" رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات ئێستە جارێكی تر پێداچوونەوە و هەڵسەنگاندن بۆ حكوومەتی كازمی دەكرێت.

شەرق ئەوسەت ئاماژەی بۆ ئەوەیش كردووە لە بارودۆخێكی ئاڵۆز كازمی بووە سەرۆك وەزیرانی عێراق دواتریش خۆی كاندید نەكردەوە لە ماوەی سەرۆكایەتی ئەویش پەتای كۆرۆنا بڵاو بووەوە و چەند جارێكیش هەڕەشەی لێ كرا و تەنانەت بە درۆن هێرش كرایە سەر ماڵەكەی.

ناڕاستەوخۆ رۆژنامەكە پێیوایە لێكچوونێك لەنێوان كازمی و عەلی زەیدی هەیە، ئێستەیش عەلی زەیدی  دووپات لەسەر بەردەوامبوونی لەسەر بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی دەكاتەوە و  ئەمەیش وایكردووە چەند رۆژێك لەمەوبەر لە نزیك كۆشكی حكوومەت درۆنێك بخرێتە خوارەوە.

مستەفا كازمی پێشتر سەرۆكی هەواڵگری عێراق بوو، كاتێك عادل عەبدولمەهدی لە سەرۆكایەتی حكوومەتی لە كۆتایی 2019 لەژێر فشاری خۆپیشاندەران دەستی لەكار كێشایەوە، بۆ قۆناغێكی گواستنەوە مستەفا كازمی كرایە سەرۆك وەزیران  لە ئایاری 2020 تا تشرینی یەكەمی 2022
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل