بەشێك لە وەسیەتنامەی عەلی خامنەیی بڵاو دەكرێتەوە

:: AM:11:24:04/07/2026 ‌
محەمەد میری باقری پیاوی ئاینی لە باڵی توندڕەو، بەشێك لە وەسیەتنامەی عەلی خامنەیی رابەری پێشووی كۆماری ئیسلامیی ئێران بڵاو دەكاتەوە، ئەگەر ناوەڕۆكەكەی دروست بێت، ئەوا دەسەڵاتدارانی ئێران پێشێلی وەسیەتەكەیان كردووە.

ماڵپەڕی ئیرەم نیوز ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز بڵاوی كردووەتەوە، محەمەد میر باقری لە میدیای ئێران، بەشێك لە وەسیەتەكەی عەلی خامنەیی ئاشكرا كردووە كە دووپاتی دەكاتەوە ئەگەر بمرێت، بەر لە ناشتنی دەبێت رابەری نوێی ئێران رابگەیەنرێت.

مەبەستی عەلی خامنەیی ئەوە بووە، هەمان دیمەنی 1989 دووبارە بكرێتەوە، كاتێك خومەینی یەكەم رابەری كۆماری ئیسلامی كۆچی دوایی كرد، بەر لە ناشتنی خۆی "عەلی خامنەیی" وەك رابەر هەڵبژێردرا.

ئامانجی عەلی خامنەیی ئەوەیە لە ئێران هەست بە بۆشایی دەسەڵات نەكرێت، بۆیە دەبێت بە رابەری نوێ لە لووتكەی دەسەڵات دەربكەوێت.

بەگوێرەی لێكدانەوەی ئیرەم نیوز ئەگەر ناوەڕۆكی ئەو وەسیەتنامەیە دروست بێت، ئەوا دەسەڵاتدارانی پێشێلیان كردووە لە خاڵێكی هەر دیاردا.

راستە موجتەبا خامنەیی نزیكەی سێ مانگ بەر لە ناشتنی باوكی وەك رابەری نوێ دەستنیشان كراوە، بەڵام تا ئێستە دەرنەكەوتووە تا ئەو دڵنیاییە بدات كە لە وەسیەتەكەی خامنەیی دووپاتی لەسەر كراوەتەوە. تەنانەت تا ئێستە گومان لە چارەنووسی دەكرێت و چەند جارێكیش باسی مردنی موجتەبا كراوە.

ئیرەم نیوز لە خاڵێكی تر ئاماژەی بۆ ئەوە كردووە، هەندێك لە میدیاكانی ئێران پروپاگەندەی ئەوە دەكەن موجتەبا خامنەیی بەشداریی رێوڕەسمی ناشتنی باوكی دەكات، بەڵام بە كارەكتەرێكی تر و رووی راستەقینەی خۆی دەرناخات.
 



وشە - فه‌یسه‌ڵ خه‌لیل