پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ چەكدارێكی داعش كوژرا، ئەو چەكدارە خێزانی لە گوندێكی ئەو سنوورە بووە كە تێیدا كوژراوە.
ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، سەرچاوەیەكی هەواڵگریی سەربازی، بە "وشە"ـی راگەیاند، ناسنامەی ئەو چەكدارەی داعش ئاشكرابوو كە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ لە نزیك گوندی چیاچەرموك لە نێوان كەركووك بۆ پردێ، لەلایەن دژەتیرۆری عێراقییەوە لە رێگەی نیشانشكێنێكی هێزەكە كوژرا.
زیاتر گوتی، دوای كوشتنی ئەو چەكدارە، تەرمەكەی رادەستی بنكەی پۆلیسی پردێ كرا.
ئەو سەرچاوەیە گوتی، ئەو تیرۆریستەی كوژراوە ئەندامی رێكخراوی چەكدارانی داعش بووە بە ناوی فەلاح حوسێن محەمەد پەلج جبووری، لەدایكبووی ساڵی 1984، ناوی دایكی فەرەح عەتیە عەلییە و ناسراو بەفەلاح فەراحە، هاوژینەكەی ناوی فەدا ویس دالییە، لە گوندی ئەلعەیسی سەربە شەرگات نیشتەجێ بووە، هاتوچۆی دەكرد لە نێوان كەركووك و شەرگات بۆ كاروباری رێكخراوەیی .