سەرۆك وەزیرانی عێراق لە پەیامێكدا سوپاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەكات كە لە رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی هاوكار و هاوئاهەنگی بوون.
ئەمڕۆ شەموو چواری تەمووز، عەلی زەیدی لە پەیامێكدا لە X نووسیویەتی، حكوومەت بە ئیرادەیەكی نەگۆڕەوە بەردەوامە، لە ڕاونانی گەندەڵكاران و گەڕاندنەوەی مافەكانی دەوڵەت و چەسپاندنی دەوڵەتی دامەزراوە و دادپەروەری، هەرچەند ئاستەنگی و گوشارەكان گەورە بن پاشەكشە ناكات.
" سوپاس و پێزانینی قووڵمان ئاڕاستەی گەلی عێراقی دەكەین، كە خاوەن هەڵوێستی ڕەسەن و پاڵپشتی پرۆسەی چاكسازین، هەروەها سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانەمان ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان و و سەرجەم هێز و لایەنە سیاسییەكانی تر و دەزگا ئەمنی و چاودێرییەكان دەكەین، كە پاڵپشتی حكوومەتن لە شەڕی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی" عەلی زەیدی وای نووسیوە.
هەروەها دووپات لەوە دەكاتەوە كە ئەم پشتیوانییە نیشتمانییە فراوانە ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی تەنیا شەڕی حكوومەت نییە، بەڵكو شەڕی هەموو نیشتیمانە و تێیدا هەمووان یەكدەگرن بۆ بەرگریكردن لە سامانی گشتی و سەروەری یاسا و داهاتووی عێراق.