قۆناغی داهاتووی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی موڵكوماڵەكانی دەرەوەی عێراق دەگرێتەوە

:: PM:06:46:04/07/2026 ‌

سەرەتای هەفتەی رابردوو هەڵمەتێكی فرەوانی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق دەستی پێ كرد و لەسەر بنەمای ددانپێدانانەكانی عەدنان جەمیلی بریكاری گیراوی وەزارەتی نەوتی عێراق، ژمارەیەك تۆمەتباری گەندەڵی لە سیاسەتوان و پەرلەمانتار گیران، سەرچاوەیەك لەبارەی قۆناغی داهاتووی هەڵمەتەكە ئاماژە دەكات كە موڵكوماڵەكان لە دەرەوەی عێراق دەگرێتەوە.

چەند سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژەیان كرد كە قۆناغی داهاتووی هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، بەدواداچوون بۆ موڵكوماڵی بەرپرسانی تێوەگلاو لە گەندەڵی لە دەرەوەی عێراق، لە ئەمەریكا و ئەوروپا و توركیا دەگرێتەوە، لەو قۆناغە سەرنج دەخرێتە سەر دۆسیەكانی گەندەڵی لە وەزارەتەكانی تەندروستی و نەوت و كارەبا.

بەپێی سەرچاوەكە رێوشوێنە یاساییەكانی دووەم قۆناغی هەڵمەتی "فەجر"، بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی لە عێراق تەواو بووە و پێداچوونەوە بە دۆسیەی هەندێك وەزارەت كراوە، كە هەندێك بەرپرسی باڵادەستیان لەپشتە لە بەڕێوەبەران لە وەزارەتەكانی تەندروستی و نەوت و كارەبا، ئەو دۆسیانە لە لایەن لیژنەیەكی تایبەت بە رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، كە سەرۆك وەزیران سەرپەرشتی دەكات، تاوتوێ كراون و بەدواداچوون بۆ پارە دزراوەكان كراوە.

هەر بەپێی سەرچاوەكان، ئەو پارانە خراونەتە وەبەرهێنان بۆ كڕینی موڵكوماڵ لە ئەمەریكا و ئەوروپا و توركیا، تێوەگلاوان لە گەندەڵی و دزیی سامانی گشتی بەو پارەیە كۆمەڵگەی نیشتەجێبوونیان دروست كردووە بۆ دەرخستنی وەك پڕۆژەی وەبەرهێنان كە قازانجێكی زۆری لێ دەكەن، بۆیە قسە لەگەڵ ئەو وڵاتانە كراوە و گومان لە سەرچاوەی داراییان هەیە، كە بریتین لە بڕێكی زۆری دراوی بیانی و لە داهاتی دەوڵەت بردراون.

ئەو سەرچاوانە دووپاتیان كردەوە كە لیستێكی نوێی تۆمەتبارانی تێوەگلاو بە گەندەڵی ئامادەیە و كەسانێكی ناسراوی تیادایە، هەروەها هەندێكیان لە دامەزراوەكانی دەوڵەت دەسترۆیشتوون، هاوكات حكوومەتی عێراق تاوتوێی پڕۆژەیاسای "سامانەكەت لە كوێ هێناوە"، دەكات و لە كاتی تەواوبوونی گفتوگۆكانی حكوومەت و پەسندكردنی لە ئەنجوومەنی وەزیران، رەوانەی پەرلەمان دەكرێت بۆ پەسندكردنی و بوونی بە یاسایەكی بەركار.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل